زووم، ئاژانسەکان:
ئەمڕۆ 10ى کانونی دووەمی 2023، دانیشتنی دادگاى ئەنقەرە لەبارەى دۆسیەی داخستنی پارتى دیموکرانى گەلان (هەدەپە) لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە بەڕێوەدەچێت.
بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی لە دانیشتنەکەدا بە زارەکی لەدژی هەدەپە قسە دەکات و بەرپرسانی هەدەپەش بە زارەکی بەرگری لە پارتەکەیان دەکەن.
رۆژى 5ی کانوونی دووەمی 2023، دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاریدا بە بڕینی بودجەی (هەدەپە) بەشێوەیەکی کاتی.
یەکەم سکاڵا لەدژی هەدەپە لە 17ی ئازاری 2021 کرایەوە
رۆژی 17ی ئازاری 2021، بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووریی تۆمار کرد بۆ داخستنی هەدەپە. ئەو تۆمەتە لە 31ی ئازاری 2021 بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بەهۆی کەموکورتییەوە رەتکرایەوە.
سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا لە 7ی حوزەیرانی 2021 جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمارکردەوە. دادگای دەستووریی بە کۆی دەنگی ئەندامانی دادگاکە، لە 21ی حوزەیرانی 2021 تۆمەتە نوێیەکەی قبوڵ کرد.
دوای ئەوەی هەدەپە بەرگریی سەرەتایی خۆی پێشکەش بە دادگا کرد، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە 29ی تشرینی دووەمی 2021 بۆ دادگای دەستووری نارد. دواتر هەدەپە لە 19ی نیسانی 2022 بەرگریینامەی خۆی بە فەرمی پێشکەش بە دادگای دەستووریی کرد.
بڕیاری داخستنی هەدەپە بە دەنگی 10 ئەندامی لیژنەی دادوەران لە کۆی 15 ئەندام پەسەند دەکرێت.
لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووریی کە لە 15 کەس پێکهاتووە، دۆسیەی داخستنی هەدەپە یەکلایی دەکاتەوە. بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی لیژنەکە، واتە بە دەنگی 10 دادوەر لە کۆی 15 دادوەر، بڕیار دەدەرێت کە ئایا هەدەپە دەتوانێت بەردەوامی بە کاروچالاکیەکانی بدات، یاخود بە تەواوی دادەخرێت.
بڕیارەکە کە بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکان دەدرێت، دواتر هەدەپە ئاگادار دەکرێتەوە و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە.