ریفراندۆمەکەى روسیا لەو ناوچانەى کە لە ئۆکراینا داگیریکردووە بەردەوامە، لە دوێنێ هەینییەوە پرۆسەکە دەستیپێکردووە و تا ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە دەخایەنێت.
کارمەندانى سەر بە حکومەتى روسیا لە چوار رۆژی یەکەمى ریفراندۆمەکەدا
دەرگا بە دەرگا دەچنە بەردەم ماڵەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، بنکەکانی دەنگدان تەنها لە رۆژی کۆتاییدا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی دانیشتووان دەنگ بدەن.
لوهانسک، دۆنێتسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا ئەو چوار ناوچەیەى ئۆکراینیان کە ریفراندۆمەکەى تێدا بەڕێوەدەچێت و لە 15%ى خاکى ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
لوهانسک و دۆنێتسک، دەکەونە ناوچەى دۆنباسى ئۆکراینا و ساڵى 2014
گروپە جوداخوازەکان بە پشتیوانى روسیا، توانیان زۆربەى ناوچەکانیان لە چەنگى حکومەتى کیێڤ دەربهێننن و دوو کۆمارى سەربەخۆی تێدا رابگەیەنن، بەڵام لە لایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدا نەنرا.
روسیا سێ رۆژ پێش دەستپێکردنى هێرشە فراوانەکەى بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ى شوباتى ئەمساڵ، هەردوو کۆمارەکەى بە فەرمى ناساند و دانى پێدا نان، هەرچى خێرسۆن و زاپۆریژیایە کە دەکەونە باشورى رۆژهەڵاتى ئۆکرایناوە، لە پاش هێرشەکانى 24ى شوباتەوە، لە لایەن هێزەکانى روسیاوە دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئێستا روسیا لە رێگەى ئەو ریفراندۆمەوە کە لەو چوار ناوچەیە ئەنجامى دەدات، دەیەوێت وەکو خاکی خۆى بیناسێنێت، بەڵام ئۆکرانیا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ریفراندۆکەیان رەتکردۆتەوە و بە ناشەرعی، نا ئازاد و نا دادپەروەر ناوی دەبەن.
ئەنجامەکان وەک دەرەنجامێکی پێشوەختە، لە بەرژەوەندی لکاندنی ئەو چوار ناوچەیە بە خاکی روسیاوە پێشبینی دەکرێن، بەڵام ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی پێشتر بە روونی رایانگەیاندووە، کە دان بە ئەنجامەکەدا نانێن و بە مەهزەلەیەکی ناشەرعی ناوی دەبەن.
ئەم ریفراندۆمەى ئێستا، هاوشێوەى ئەو ریفراندۆمەیە، کە ساڵى 2014 لە ناوچەی کریمیا دوای لەشکرکێشی روسیا، لەژێر چاودێری وردی سەربازانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، لە 97%ى دەنگەکان لەگەڵ لکاندنی فەرمی کریمیادا بوون بە خاکی روسیاوە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنرا.
ریفراندۆمەکانى روسیا لە ئۆکراینا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و سەركردەكانی جیهانەوە ئیدانە كراون، لەوانە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و هەروەها دەزگا نێودەوڵەتییەكانی وەك ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی لە ئەوروپا (OSCE).
ئۆکراینا رایگەیاندووە ئەم ریفراندۆمە نیشانەی لاوازی روسیایە نەک بەهێزی، رۆژی پێنجشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هەر بڕیارێک کە سەرکردایەتی روسیا بیدات، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئۆکراینا روونادات.