زووم، ئاژانسەکان:
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو بیانییانەی پێنج ساڵ لە ئەڵمانیا دەژین دەتوانن ببن بە هەڵگری دوو رەگەزنامە: هەم رەگەزنامەی ئەڵمانییان پێدەدرێت و هەم دەتوانن پارێزگاریی لە رەگەزنامەی وڵاتی یەکەمیان بکەن.
بیانیەکان، هەم رەگەزنامەی ئەڵمانییان پێدەدرێت و هەم دەتوانن پارێزگاریی لە رەگەزنامەی وڵاتی یەکەمیان بکەن
ئەم هەنگاوەی حکومەتی ئەڵمانیا دەچێتە چوارچێوەی ئەو یاسا تازەیەوە، کە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ جێبەجێکردنی “یاسای رەگەزنامەی تازە” دایڕشتووە. ئەمەش پاش ئەو رێککەوتنەی ساڵی 2021 لە نێوان حکومەتەکەی ئۆلاف شوڵتزی راوێژکار و حزبە هاوپەیمانەکانیدا ئیمزاکرا.
بەگوێرەی یەکێکی دیکە لە بڕگەکانی یاسا تازەکە، ئاسانکاریی کراوە لە مەرجی زانینی زمانی ئەڵمانی بۆ هەندێک لە بیانییەکان.
مەرجی زانینی زمانی ئەڵمانی بۆ ئەو کەسانە هەڵوەشێنراوەتەوە، کە تەمەنیان گەیشتووەتە 67 ساڵ. ئەم هەنگاوە پەیوەستە بەو کەسانەی بە “کرێکاری میوان” ناسراون.
مەرجی زانینی زمانی ئەڵمانی هەڵوەشایەوە، بۆ ئەو کەسانەی ناسراون بە “کرێكاری میوانەکان”
ئەو کەسانە، کە زۆرینەیان تورکن، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا هاتونەتە ئەڵمانیا و رەوانەی هیچ خولێکی فێربوونی زمان نەکراون، بەو پێیەی گریمانەی ئەوە کراوە کە رەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە.
پێشتر بیانییەکان پاش هەشت ساڵ بۆیان هەبوو داواکاریی پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەڵمانی، بەڵام ئێستا بەگوێرەی یاسا تازەکان بۆیان هەیە دوای پێنج ساڵ مانەوە داواکاریی پێشکەشبکەن، بەمەرجێک گونجاندنیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بسەلمێنن. لەمەدا حکومەتی ئەڵمانیا مەبەستی لەچەند بوارێکە، بۆ نموونە هاوڵاتییە بیانییەکە لە خوێندنگەدا ئاستی بەرز بێت، یاخود بەشداریی لە کاری خۆبەخشیدا بکات، ئەمە جگە لە زانینی زمانی ئەڵمانی کە زۆرجار بە هۆی تێکەڵبوونیەوە لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکە فێری دەبێت.
ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکێکی بیانی لەدایکدەبن، چیدیکە ناچار نابن لە نێوان رەگەزنامەی باوانیان و رەگەزنامەی ئەڵمانیدا یەکێکیان هەڵبژێرن
یاسا تازەکە دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت، کە ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکێکی بیانی لەدایکدەبن، چیدیکە ناچار نابن لە نێوان رەگەزنامەی باوانیان و رەگەزنامەی ئەڵمانیدا یەکێکیان هەڵبژێرن “بەڵکو هەر کاتێک تەمەنیان گەیشتە کاتی یاسایی، ئەوا دەتوانن ببنە خاوەنی هەردوو رەگەزنامەکە”.
ئەم گۆرانکاڕییانەی ئەڵمانیا بەشێکن لەو “چاکسازییانەی” کە حکومەتی وڵاتەکە لە سیاسەتی کۆچبەراندا دەستیپێکردووە.
حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا لە هەریەک لە پارتی سۆسیال دیموکرات، پارتی سەوز و پارتی دیموکراتی ئازاد پێکهاتووە.