زووم:
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 9ی کانوونی دووەمی 2023 چالاکێکی دیکەی کورد بەناوی رەشید لەوەندپوور لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسێدارەدرا.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چالاکێکی کورد بەناوی رەشید لەوەندپوور خەڵکی پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە زیندانی رەجایی شەهری کەرەج لەسێدارەدراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ رێکخراوێک باسی هۆکاری لەسێدارەدانی رەشید لەوەندپووری نەکردووە.
لە سەرەتای خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا پێنج خۆپیشاندەر و چالاکی مەدەنی لەسێدارەدراون کە دووانیان کوردن بوون.
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوەکە ئامارێکی لەبارەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی کوردی لە ساڵی نوێدا بڵاوکردووەتەوە. بەگوێرەی ئامارەکە لە هەشت رۆژی ساڵی 2023دا، 11 مێردمنداڵی خەڵکی شاری مەهاباد، سنە و جوانڕۆ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکراون.
دوێنێش لە پارێزگای هورموزگان چوار خۆپیشاندەر و لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کچێکی کورد و لە شاری پیرانشاریش گەنجێکی کورد، سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، نزیکەی 480 کەس کوژراون و هەزاران کەس بریندار بوون. ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی 30 هەزار کەس. هەروەها مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر زیاتر لە 100 کەس هەیە.