ئاژانسەکان:
ئەمڕۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى بەنین لە رۆژئاواى ئەفریقا ئەنجامدرا، هەڵبژاردنەکە وەک تاقیکردنەوەی دیموکراسی لەو وڵاتە تەماشا دەکرێت، چونکە ئۆپۆزسیۆن دوای چوار ساڵ بایکۆت و دورخستنەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا کرد.
بەنین وەک قەڵایەکی دیموکراسی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا ناسراوە، بەڵام لە سەردەمی سەرۆکایەتى پاتریس تالۆن، ناوبانگى وڵاتەکە بەرەو “خراپبوون” براوە. ئەو، بەڵێنەکەى شکاند کە خۆی بۆ خولێکی دیکەى سەرۆکایەتى کاندید نەکاتەوە و خۆى کاندیدکردەوە.
تالۆن بە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبارە
پاتریس تالۆن، بە “سەرکوتکردنی” ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەکەى تۆمەتبارە، لە دواى هاتنە سەر کورسی دەسەڵات لە ساڵى 2016.
بەگوێرەى دواین سەرژمێرى کە ساڵى 2021 کراوە، بەنین ژمارەى دانیشتوانەکەى نزیکەى 13 ملیۆن کەس دەبێت.
نزیکەى شەش ملیۆن و 600 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا هەبوو.
لە هەڵبژاردنەکەدا 109 کاندید هەبوون، کە 24 کاندیدیان ژنن.
حەوت لایەن بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، لەنێویاندا پارتى لیس دیموکراتەکان هەیە.
ئەو پارتە لە ساڵی 2019 سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەى کرد، دوای ئەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە دەنگدانی یاسادانان رێگرییان لێکرا بەشدار بن.
24ى ئەم مانگە ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت
چاوەڕواندەکرێت ئەنجامە بەراییەکان 11ى ئەم مانگە ئاشکرا بکرێت، رۆژى 24ى ئەم مانگەش ئەنجامە گشتییەکان رایگەیەندرێت.
پاتریس تالۆن، سەر بە هیچ پارتێک نییە، بەڵکو لەلایەن ئەو دوو حزبەی کە ئێستا لە پەرلەمان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، پشتگیری دەکرێت؛ بلۆکی کۆماری و یەکێتی پێشکەوتنخوازی رینۆڤۆ.
ئێکسپێدیت ئۆلۆگۆ، شرۆڤەکاری سیاسی، سەرۆکی دامەزراوەی بیرکردنەوەی بێنینۆی ئەکادیمیای مەدەنی بۆ داهاتووی ئەفریقا گوتى، پێدەچێت دەنگدانەکە بەبێ ناڕەزایەتی تێپەڕێت.
ئەو قسەى رۆیتەرزى کردووە و دەڵێت “هەڵبژاردنەکە لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتدا ئارام، دۆستانە و برایانە بینراوە”.
پێدەچێت ئاسایشی وڵاتەکە بە لایى دەنگدەرانەوە گرنگتر بێت لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکە، چونکە تۆگۆ و وڵاتانى دیکەى دراوسێى بەنین روبەڕوى هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە ئەلقاعیدە و داعش بوونەتەوە.