زووم, ئاژانسەکان:
دادگای پارێزگای هورموزگان سزای 10 ساڵ زیندانى بەسەر چوار چالاکوانی دیکەی ئێران و دوو گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون.
موجتەبا قەهرەمانی، سەرۆکی گشتی دادگای پارێزگای هورموزگان بە ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند “پەپاندنى سزاکە بەهۆى ئەوەیە لەکاتى خۆپیشاندانەکاندا تابلو و ریکلامەکانی سەر شەقامەکانیان شکاندووە و زیانیان بە کەلوپەلی گشتی و ئۆتۆمبێڵی هاوڵاتیان گەیاندووە”.
بە شکاندنى تابلۆى سەر شەقامەکان تۆمەتبارکراون
قەهرەمانی باسی ئەوەشی کردووە، کە جگە لەوەی سزای زیندانی بەسەر ئەو چوار کەسەدا سەپێندراوە، هەروەها پێویستە زیانەکانیش ببژێرن و نزیکەی 50 تابلوی هاتوچۆ و ریکلام چاک بکەنەوە.
موجتەبا قەهرەمانی، دەڵێت لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو کەسانە بەردەوامە کە گۆمان دەکرێت، پەیوەندیەکان بە “گروپە سیخوڕیەکانەوە” هەبێت.
هەنگاو: فەرزانە سەیدی بانگهێشتى دادگا کرایەوە
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، فەرزانە سەیدی کچە خوێندکاری خەڵکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دوو مانگ لەمەوبەر دەستگیر و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرابوو، جارێکی دیکە بانگهیشتی دادگا کراوە و دادگای شۆڕشی ئێران سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە.
هەروەها گەنجێکی خەڵکی شاری پیرانشاریش بە ناوی عەلیرەزا رەسولیانپوور لەلایەن لقی 102ی دادگای شارەکەوە، دوو ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش راگەیەندراوێکی سەبارەت بە لەسێدارەدانی دوو گەنج کە گەنجێکیان کورد بوو، لە کەرەج بە ناوەکانی محەمەد مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی بڵاوکردەوە.
رێکخراوەکە دەڵێت، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەم شێوەیە لەمەرامبەر کردەوەکانی حکومەتی ئێران بێدەنگ بێت، دەبینە شایەدحاڵی لەسێدارەدانی هەزاران چالاکوانی دیکە لە زیندانەکاندا.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، نزیکەی 480 کەس کوژراون و هەزاران کەس بریندار بوون. ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی 30 هەزار کەس. هەروەها مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر زیاتر لە 100 کەس هەیە.