زووم، ئاژانسەکان:
بەگوێرەى ئامارێکى وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا، عێراق لە ریزبەندى چوارەمى ئەو وڵاتانەدایە کە لە ساڵى رابردوودا زۆرترین کۆچبەریان رووى لە بەریتانیا کردووە.
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى بی بی سی بەرایگەیاند، ئەلبانیا بەرپرسیارە لە سێ یەکی هەموو ئەو کۆچبەرا نایاساییانەی ساڵی رابردوودا گەیشتوونەتە بەریتانیا.
ئەو گوتى، وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کۆچبەرانی ئەلبانیایان رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کردووەتەوە بەڵام بەریتانیا وەکو پێویست ئەو کارەى نەکردووە.
بەگوێرەى ئامارێکى وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا کە بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022 دا 11 هەزار و 241 کۆچبەری ئەلبانیا لە رێگەی کەناڵی ئنگلیزی نێوان بەریتانیا و فەرەنساوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئەمەش دەکاتە سێ یەکی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لەو ساڵەدا روویانکردووەتە بەریتانیا.
بەگوێرەى یاسای سنور و نیشتمانی بەریتانیا کە ساڵی رابردوو دەرچوو، هاتنی هەر کۆچبەرێک بەبێ رێگەپێدانی فەرمی یان ڤیزای ئەو وڵاتە کارێکی نایاساییە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ریزبەندى کردووە بۆ 10 وڵاتی سەرەکی لە رووى زۆری ژمارەى کۆچبەران کە لە ساڵی 2022دا روویان لە بەریتانیا کردووە.
لە 12 مانگی پێش ئەیلولی ساڵى 2022دا، 85%ی خەڵکی ئەلبانی کە بە بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، حەوت هەزار و 219 کەس داواکاری مافی پەنابەرییان پێشکەش کردووە.
تائێستا بڕیار لەسەر زۆرینەی ئەمانە نەدراوە، بەڵام بە گشتی 53%ی داواکارییەکانی ئەلبانییەکان قبوڵ دەکرێن.
تاوەکو مانگی ئەیلولی 2022 فەرەنسا لێکۆڵینەوەی زیاتری لە داواکاری مافی پەنابەری خەڵکی ئەلبانیای کردووە بە بەراورد بە بەریتانیا، بەڵام زۆربەی داواکارییەکانی رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکانی روانگەی كۆچبەرانی ئۆکسفۆرد، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، بەریتانیا، ئیتاڵیا، بەلجیکا، ئێرلەندا، و سوید زۆرترین داواکاریی پەنابەرانی ئەلبانییان لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022 وەرگرتووە و لەو وڵاتانەش بەریتانیا و فەرەنسا زۆرترین داواکارییان پەسەند کردووە.
بەگوێرەى ئامارى دەزگاى لوتکە لە ساڵى 2022دا 71 هەزار و 225 هاوڵاتى عێراقى داواى مافى پەنابەرییان لە وڵاتانى دەرەوە کردووە، بەڵام لە ئامارەکەدا وردەکارى ژمارەکە نەخراوەتەڕوو چەندیان هاوڵاتى هەرێمى کوردستانن.