پەرلەمانى کوردستان کە ئێستا 30 ساڵى تەمەنى تێپەڕاندووە، دەبوو لەو ماوەیەدا لانیکەم حەوت هەڵبژاردنى بکرادایە، بەڵام تەنها “پێنج” هەڵبژاردنى کردووە، لە بەرامبەردا “حەوت جار” تەمەنى خۆى درێژکردووەتەوە و ئێستاش بەرەو هەشتەمین درێژکردنەوە هەنگاو دەنێت، کە دەبێت پێش 6ى تشرینى دووەم، جارێکى دیکە تەمەنى خۆى درێژ بکاتەوە، چونکە ئەندامانى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان، لە رۆژى 6ى تشرینى دووەمى 2018 سوێندى یاساییان خواردووە و دەستبەکاربوون.
خولى شەشەمى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان، دەبوو لانیکەم لە سەرەتاى مانگى دەى ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بۆئەوەى پەرلەمان بۆ یەکەمجار پێویستى بە درێژکردنەوەى تەمەنى خۆى نەبێت، بەڵام ئەم خولەش بە دەردى خولەکانى دیکە چوو، بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا ناکرێت.
لە چوار مانگى رابردوودا بە دەستپێشخەریی جێنین پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان سێ کۆبوونەوەیان لە ئاستى باڵا لەبارەى کێشە و ناکۆکییەکانى پرسى هەڵبژاردن ئەنجامدا، بەڵام دواى چوار مانگ لە دەستپێکردنى ئەو دیدار و کۆبوونەوانە، پێدەچێت هەوڵەکانى پلاسخارتیش، بەرهەمێکى ئەوتۆى لێ سەوز نەبووبێت.
لایەنە سیاسییەکان یەکدى بە پەکخستنى هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن، هەمووان دەڵێن لەگەڵ ئەوەدا بوون هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا بکرێت، کەچى هەر بەهۆى ناکۆکییەکانى ئەوانەوە هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا ناکرێت.
لەم پرسەدا لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بەسەر دوو بەرەى ناکۆکدا دابەشبوون، بەرەى پارتى لە لایەک و بەرەى یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵى دادگەریی و نەوەی نوێ لە لایەکى دیکەوە.
ئەم پێنج حیزبە بۆچوونیان لەیەکەوە نزیکە و لە پەرلەمانیش پڕۆژەى هاوبەشیان هەیە
ئەوان داوا دەکەن:
_ هەرێمى کوردستان لە یەک بازنەى هەڵبژاردنەوە بکرێت بە چوار بازنە
_ لە 11 کورسییەکەى پێکهاتەکانیش چواریان بۆ پارێزگاى سلێمانی بێت
پارتى لە سەرەتادا دژى زۆربەى مەرج و داواکارییەکانى ئەو پێنج حزبە بوو، بەڵام ئێستا هەندێک نەرمى بە هەڵوێستەکانییەوە دیارە
وەکو لە دوایین هەڵوێستیدا رازیبوونى خۆى بە سیستمى فرەبازنەیی راگەیاند، بەڵام دەڵێت پێویستە ئەو فرەبازنەییە روون بکرێتەوە و شێوازەکەى دیارى بکرێت، سەبارەت بە 11 کورسی پێکهاتەکانیش، پارتى تائێستا بە توندى دژى هەر دەستکارییەکى ئەو کورسییانەیە.
لە دۆخێکى لەم شێوەیەدا ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا بووەتە ئەگەرێکى مەحاڵ، چونکە کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسى هەرێمى کوردستانیش ماوەی یاسایی بەسەرچووە.
هەر کاتێکیش کاراکرایەوە، بەگوێرەى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پێویستى بە شەش مانگە بۆ ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن، بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى زووم، تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان، بۆ دوو وەرزى یاسادانان درێژ دەکرێتەوە کە دەکاتە ساڵێک، بەوپێیەش ئەگەرى زۆرە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بکەوێتە سەرەتاى پایزى ساڵى 2023.