زووم، ئاژانسەکان:
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، دەڵێت، ئەگەر دانوستانیان لەگەڵ نەکرێت ئەوا ناچاردەبن کاندیدی تایبەتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا دیاری بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە بە روونی گوتبووی “کاندیدمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەبێت و بە زووترین ناوەکەی ئاشکرادەکەین“.
ساروخان ئۆلوچ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا پێویستە دەسەڵات بگۆڕدرێت. گوتیشی، دەمانەوێت لەسەر هەندێک پرسی گرنگ دانوستان لەگەڵ لایەنەکاندا بکەین.
ئۆلوچ، هۆشداریی دا لەوەی “ئەگەر دانوستانمان لەگەڵ نەکرێت، ئێمە وەک هەدەپە کە دەنگەکانمان لەنێوان 12 -13٪ی کۆی دەنگدەرانە، کاندیدی خۆمان دەبێت”.
ئەگەرچی بەگوێرەی 90٪ی راپرسییەکان، هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار، لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی گەلی ئۆپۆزسیۆن شکست دەهێنێت، بەڵام دەنگەکانیان زۆر نزیکن لە یەکەوە، بۆیە هەدەپە کە بەگوێرەی راپرسییەکان 9% بۆ 11%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، وەک کلیلی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبینرێت و ئەگەر دەنگ بە لایەنێک بدات، بە مسۆگەری ئەو لایەنە سەردەکەوێت.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، باسی لەوەشکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا کار دەکەن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستیان بە دانوستان هەیە “پێویستە ‘رژێم’ بگۆڕدرێت.. ئەمە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە”.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە: پێویستە ‘رژێم’ بگۆڕدرێت
دوێنێ پەروین بوڵدان، لە چوارەمین کۆنگرەی رێکخستنی هەدەپە لە پارێزگای قەرسی باکوری کوردستان گوتی، ئێستا زۆر کەس چاوەڕێی لایەنەکان دەکەن، کە کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا بکەن “ئێمە وەک هەدەپە بە زوترین کات کاندیدی خۆمان ئاشکرا دەکەین، هیچ پەیوەندیەکمان لەگەڵ هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەل نییە” بەڵام هەندێک هاوبەشی لەنێوان ئێمە و لایەنەکاندا هەیە، کە دواتر پێکەوە دادەنیشین و قسەی لەبارەوە دەکەین.
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری هەدەپە روون و ئاشکرایە، کە کاندیدی سەربەخۆی دەبێت. هەدەپە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، هاوبەشەکانمان، گەنجان و ژنان، لەم بارەیەوە راوێژ دەکات.