زووم، ئاژانسەکان:
کۆمپانیای تویتەر بەردەوامە لە پرۆسەی کەمکردنەوەی کارمەندەکانی، ئەمجارەیان گەڕی دووەمی پرۆسەکەی لە چەند بەشێکەوە دەستپێکردووە یەکێک لەوانە بەشی گێچەڵکردنی کۆمپانیاکەیە.
تویتەر، کە لەلایەن ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، لە مانگی 11ی ساڵی رابردوودا نزیکەی سێ هەزار و 700 کارمەندی دەرکردبوو.
راپۆرتێکی بلومبێرگ ئاشکرایدەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا دەیان کارمەندی نووسینگەکانی تویتەر لە ئایرلەندا و سەنگافوورە دەرکراون.
چەند کارمەندێکی تویتەر دەرکراون، کە کاریان لە روبەڕوبونەوەی ساختەهەواڵدا دەکرد
یەکێک لەوانەی کۆتایی بە راژەکەی هێنراوە، بەمدواییە بەرپرسیارێتیی بەشی سکیوریتی کۆمپانیاکەی لە ئاسیا پێدرابوو. یەکێکی دیکەشیان بەڕێوەبەری بەش بووە لە نوسینگەی سەرەکیی کۆمپانیاکە.
هەر بەگوێرەی بلومبێرگ، چەند کارمەندێکی دیکە کە کاریان لە روبەڕوبونەوەی ساختەهەواڵدا کردووە، لەکارەکانیان دورخراونەتەوە، جگەلەوەش یەکەم کارمەندی دورخراوەی گەڕی دووەم لەو بەشە بووە کە تایبەت بووە بە روبەڕوبونەوەی رق و کینە و گێچەڵکردن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
سەرۆکی بەشی دڵنیایی لە تویتەر، بە رۆیتەرزی گوتووە، کۆمپانیاکە دەستی بە دورخستنەوەی چەند کارمەندێک کردووە، بەڵام باسی هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەکردووە.