ئاژانسەکان:
کیڤن مەکارتی بەیانی ئەمڕۆ بە خەونێکی ماوە درێژەوە لە خەو هەڵدەستێت؛ دوای چوار رۆژ لە وەستانەوە بەرامبەرى، بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا و بووە بەهێزترین ئەندامی پارتی کۆمارییەکان.
مەرکاتى دواى 15 خولى دەنگدان سەرکەوت
لە چوار رۆژى رابردوودا و سەرەڕای چەندین شکست، کە 14 جار دەنگدان کرا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێنى ئەنجومەنى نوێنەران، بەڵام لە هەمووجارەکاندا کیڤن مەکارتى، بەهێزترین کاندیدى کۆمارییەکان نەیدەتوانى دەنگى زۆرینە بەدەستبهێنێت، سەرئەنجام لە خولى 15دا گەیشت بە ئامانجەکەى و چەکوشى سەرۆکى ئەنجومەنەکەى گرتەدەست.
سەربارى تەنگوچەڵەمەکانى چوار رۆژى رابردوو، دابەشبوونە ناوخۆییەکەى کۆمارییەکان، بەڵام بۆ مەکارتى سەرکەوتنێکى گەورەیە و گەیاندییە پێگەیەکی بەهێز؛ دەبێتەوە بە سەرۆکی پارتی کۆمارییەکانە وەک پارتی زۆرینە، دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، وەک یەکێک لە دەسەڵاتە باڵاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە 160 ساڵی رابردوودا هەڵبژاردنى هاوشێوە لە مێژووی ئەمریکادا روینەداوە
سەرکەوتنەکەی مەکارتی لە دەنگدانی پانزەهەمدا کۆتایی بە درێژترین پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هێنا، کە لە ماوەی زیاتر لە 160 ساڵی رابردوودا هەڵبژاردنى هاوشێوە لە مێژووی ئەمریکادا روینەداوە.
ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا 435 ئەندامە. لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکادا، کۆمارییەکان 222 کورسیان بەدەستهێنا و دیموکراتەکانیش 213 کورسییان بەدەستهێنا.
بەگوێرەى یاسای ئەمریکا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پارتی براوە دەبێت، کە بە دەنگی ئەندامانی هەمان پارت هەڵدەبژێردرێت.
مەکارتى چۆن بە 216 دەنگ بوو بە سەرۆک؟
مەکارتی پێویستی بە 218 دەنگ هەبوو بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆکی ئەنجومەن، بەڵام لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 20 ئەندام لە پارتەکەی لە دژی وەستانەوە و نەیدەتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت، بەڵام لە کۆتایییدا و لە دەنگدانی خولى 15 دا، توانی رەزامەندی کۆمەڵێکی دیکە لە ئەندامە ناڕازییەکانی پارتەکەی بەدەستبهێنێت و بە کۆی 216 دەنگ ببێت بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
شەش ئەندامی پارتەکەی، کە دژی مەکارتی بوون، دوای هەوڵێکی زۆر رازیکران دەنگ بە هیچ کەسێکی دیکە نەدەن. واتە دەنگیان نە بە مەکارتی و نە بە هیچ کاندیدێکی دیکە نەدا. بەمەش ژمارەی دەنگی پێویست بۆ دەرچوون دابەزی بۆ 215 دەنگ. هەربۆیە مەکارتی لەسەر لێواری دەرنەچووندا بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە.
لەدوای هەڵبژاردنی مەکارتی لە گوتارێکدا رایگەیاند: “باوکم هەمیشە پێی دەگوتم، گرنگ نییە چۆن دەستپێدەکەیت، گرنگ ئەوەیە چۆن کۆتایی پێدێنیت”. بۆیە “ئەرکە قورسەکەم لێرەوە دەستپێدەکات.”
دیموکراتەکان دەنگیان بە هەکییم جێفرى دەدا
دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەکو دوایین دەنگدان لە پشت هەکییم جێفری مانەوە و دەنگەکانی هەر لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی لە 212 دەنگدا مایەوە.
جێفری رایگەیاند، ئەمە قۆناغێکی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە دوای چوار ساڵ لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن دیموکراتەکانەوە.
گوتیشی دیموکراتەکان هەوڵدەدەن لە هەر شوێنێک، کە پێویست بێت، لەگەڵ کۆمارییەکان کاربکەن، بەڵێنیدا هەمیشە “بەها باڵاکانی ئەمریکییەکان بخەنە پێش خۆپەرستی و لەپێشینەی کارەکانیان.”
هەڵبژاردنی هاوشێوەی مەکارتی لە مێژووی ئەمریکادا 164 ساڵ پێش ئێستا رویداوە، کە لە ساڵی 1859 دا دوای 44 خولى دەنگدان ویلیام پێنینگتۆن، کاندیدی کۆمارییەکان بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە و لە ساڵی 1860 بۆ 1861 لە پۆستەکەیدا مایەوە، ساڵێک دواتر کۆچی دواییکرد.
لە پێش ئەویشدا لە ساڵی 1855 کێبڕکێی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بە 133 خولى دەنگدان و لە ماوەی چوار مانگدا یەکلایی کرایەوە. ئەوکات پارتەکان بۆ بەرەی کۆیلایەتی و دژە کۆیلایەتی دابەشببوون، کە بەهۆیەوە شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا لەنێوان ویلایەتەکانی باکور و ویلایەتەکانی باشور، کە لەگەڵ سیستمی کۆیلایەتیدابوون، هەڵگیرسا و تاوەکو ساڵی 1865ی خایاند.
پێگەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران چ گرینگییەکی هەیە؟
دەستوری ئەمریکا رۆڵی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیاریکردووە، کە سەرپەرشتی ئەنجومەنی خوارەوەی کۆنگرێس دەکات، کە لە ئەنجومەنی نوێنەران و پیران پێکدێت. سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەم لە رووی نەریتی و هەم لە رووی مێژووییەوە ئەندامێکی پارتی زۆرینەیە.
بۆیە جگە لە سەرکردایەتیکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی پارتی زۆرینەی ناو ئەنجومەنەکەش دەکات.
لەسەر ئاستی کردەیی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کارنامەی یاسادانانی ئەنجومەن دادەنێت، کۆنترۆڵی ئەرکی لیژنەکان دەکات، دەنگدان و ساڵنامەی کارکردن دادەنێت، هەروەها بەرپرسیارە لە یەکگرتووی هێشتنەوەی ئەندامانی پارتەکەی لە هەر بارودۆخێکدا بێت.
ئەگەر بەشێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنرێت، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن یەکێکە لە بەهێزترین پۆستەکانی واشنتن. بەگوێرەى پێکهاتەی حزبی کۆنگرێس دەتوانن کارنامەی سەرۆکی ئەمریکا دابنێن یان هەڵیبوەشێننەوە، بەربەست بۆ ئۆپۆزسیۆن دابنێن و سەرکردایەتی گەورەترین دەستپێشخەریی یاسادانانەکانی پارتەکەیان دەکات.
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پشکى دیموکراتەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی جۆ بایدن، بە سەرۆکی ئەمریکا، پۆستەکەی وەرگرت و تاوەکو 3ی ئەم مانگە لە پۆستەکەیدا وەک یەکێک لە کاریگەرترین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە سەدەی مۆدێرندا مایەوە. لەدوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە 3ی ئەم مانگەوە، دوای سەرکەوتنی کۆمارییەکان، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
کارەکانی سەرۆکی ئەنجومەن چین؟
دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەبات.
چاودێری کارەکانی رۆژانەی ئەنجومەنەکە دەکات و ئەجێندای دەنگدان لەسەر یاساکانی ئەمریکا رێکدەخات.
لەدوای جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووەم باڵاترین پۆستی ئەمریکایە.
هەموو دوو ساڵ جارێک لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە هەڵدەبژێردرێت.
مەکارتی کێیە؟
کیڤن مەکارتی لە 26ى کانوونى دووەمى 1965 لە شاری بەیکەرسفیڵدی ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە.
لە زانکۆی کالیفۆرنیا بەشی کارگێڕی بازرگانی خوێندوە.
لە ساڵی 2007 بۆ یەکەمجار بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
لە ساڵی 2014 بووە سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەو لایەنگری دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2016.
لە ساڵی 2019 وەک سەرۆکی کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا.
دوای سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020، مەکارتی پشتگیری لە هەڵوێستی ترەمپ کرد، بۆ رەتکردنەوەى سەرکەوتنى بایدن و بەشداریکردن لە هەوڵە یاساییەکان بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانى هەڵبژاردن دەکرد.
دواتر مەکارتی ئیدانەی هێرشکردنەسەر بیناى کۆنگرێسى لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە لە ساڵی 2021دا کرد.