پاشنیوەڕۆی دوێنێ ئەم بازاڕە گڕی گرت، بازاڕەکە ناوی داون تاونە
ئاگرەکە لەنێو دوکانێکدا دروستبوو، بەڵام دوکانەکانی دەوروبەری گرتەوە.
لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ بەرگری شارستانی هەولێر و دوکاندارەکانیش کردووە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی بەرگری شارستانی، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە.
ئەوان سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانی روداوەکەن، بەڵام ئەوەی کە بە منیان گوتووە، دوو بۆ سێ رۆژیان پێویستە بۆ ئەوەی زیانەکان بخەمڵێنن.
بەڵام دوکاندارەکان لای خۆیانەوە زیانەکانیان خەمڵاندووە بە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار.
جگە لە زیانە مادییەکان، سێ هاوڵاتی توشی تەنگەنەفەسی بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرت.
دەمەوێت لەسەر هۆکاری ئاگرەکە زانیاری زیاتر بخەمەڕوو
کاسبکارانی بازاکە دەڵێن داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت و ئیدارەی بازاڕەکەش کردووە، سیستمی ئاگرکوژێنەوەی باش بۆ بازاڕەکە دابنرێت، بەڵام نەکرا و ئەو روداوەی دروستبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، ساڵی رابردوو بەرگری شارستانی هەولێر بە نوسراوی فەرمی ئیدارەی بازاڕەکەی ئاگادارکردووەتەوە پابەندی رێنماییەکانیان بن.
من ئاماری کۆی روداوەکانی ئاگرکەوتنەوەم لەماوەی ئەمساڵدا لە هەولێر لە بەرگری شارستانی وەرگرتووە، دەمەوێت بۆ ئێوەی بگوازمەوە.
لەمساڵدا زیاتر لە 1000 روداوی ئاگرکەوتنەوە تەنها لە سنوری پارێزگای هەولێر رویانداوە.
بەهۆیانەوە 25 کەس گیانیان لە دەستداوە.
125 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەرگری شارستانی نزیکەی 100 کەسی لەنێو روداوەکانی ئاگرکەوتنەوە رزگار کردون
روداوەکان بەگوێرەی مانگەکان روندەکەمەوە؛
مانگی یەک 87 روداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە
مانگی دوو 81 روداو
مانگی سێ 82 روداو
مانگی چوار 67 روداو
مانگی پێنج بەرزبووەتەوە بۆ 104 روداو
مانگی شەش گەیشتە 210 روداو
مانگی حەوت 182 روداو
مانگی هەشت 188 روداو
لەم مانگەشدا 6 روداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە.
ئەم ئامارانە روداوەکانی نێو ماڵەکان، بازاڕ و گڕگرتنی ئۆتۆمبێلە و دامەزراوەکانی حکومەتە، کە بەمشێوەیە بووە
263 ماڵ
255 ئۆتۆمبێل
223 شوێنی بازرگانی
102 شوێنی موڵکی حکومی
ئەوانەی دیکەش روداوی دیکەن.
بەرگری شارستانی دەڵێت، زۆرینەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی نێو ماڵەکان شۆرتی کارەبا و کێشەی غاز بووە.
هۆکاری گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکان خراپی کوالتی بەنزین و روداوی هاتوچۆ بووە.
شوینە بازرگانیەکانیش بەهۆی کەمتەرخەمی و جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی بەرگری شارستانییەوە بووە.
ئەمانە قسە و زانیاری بەرگری شارستانی هەولێرن
باسی زیانەکان دەکەین
بەگوێرەی خەملاندنی بەرگری شارستانی کۆی گشتی زیانەکان زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار بووە، کە لە هاوڵاتیان، کاسبکاران و حکومەت کەوتووە.