زووم:
عەبدولئەمیر شەمەریی، وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، بە فەرمانى سودانى لێکۆڵینەوەیەکى گشتگیر لەو رووداوانە دەکرێت کە لە ئاهەنگى دەستپێکى جامى کەنداودا روویاندا.
شەمەریی لەگەڵ سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، چاوخشاندنەوە بە کاروبارەکانى رێکخستنى جامى کەنداوى 25 دەکەن کە ئێستا لە شارى بەسرە بەڕێوەدەچێت.
هاوکات عەدنان درجال، سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى عێراق رایگەیاند، هەموو ئەو کەموکورتیانە راستدەکەنەوە کە دوێنێ لە ئاهەنگى دەستپێکى جامى کەنداو روویاندا.
دوێنێ بەر لە ئاهەنگی دەستپێکی جامی کەنداو و لە شوێنی ڤی ئای پی پشێویی دروستبوو، بەوهۆیەوە شاندی کوەیت یاریگەکەیان جێهێشت، ئەندامێکی شاندەکە بە رۆژنامەی قەبەسی گوتبوو “بەرەو فڕۆکەخانە دەچین و دەگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان”.
بەڵام ئەمڕۆ شەممە 7ى کانوونى دووەمى 2023 یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، شاندی کوەیت هێشتا لەبەسرەن و لەوێش دەمێننەوە.
داواى لێبووردنمان لە شاندی کوەیت کردووە و پێمانگوتوون “رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە”
هەر لەسەر ئەو پرسە، غالیب زاملی، ئەندامی یەکێتی تۆپى پێى عێراق و بەرپرسی لیژنەی ئەمنی جامی کەنداو رایگەیاند، داوای لێبووردنیان لە شاندی کوەیت کردووە و پێیانگوتوون “رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە”.
ئێوارەى دوێنێ هەینى 6ى کانوونى دووەمى 2023، جامی کەنداوی 25 لە بەسرە دەستیپێکرد، ئاهەنگی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگەی نەخلە بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 60 هەزار هاندەر ئامادەیبوون.
کوەیت یەکێکە لە هەشت هەڵبژاردە بەشدارەکەی جامی کەنداوی 25، خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە و تاوەکو ئێستا 10 جار بووەتە پاڵەوان.