زووم:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکانی مۆبایل زیاتر لە 40 ملیۆن بەشداربوویان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، نزیکەی 20 ملیۆن کەسیش بەشداریی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، کە ئەمڕۆ شەممە 7ی کانوونی دووەمی 2022 بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیاکانی مۆبایل لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا 40 ملیۆن و 700 هەزار بەشداربوویان هەبووە، کە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان رێژەکەی دەکاتە 98.8%. واتە لە 100 کەس نزیکەی 99 کەسیان بەشداربووی یەکێک لە کۆمپانیاکانی مۆبایلن.
دەزگای ناوەندیی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانان داتاکانی کۆکردووەتەوە، کە دەریخستووە، لە ساڵی 2021دا کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت 20 ملیۆن و 300 هەزار بەشداربوویان هەبووە.
هەر بە گوێرەی ئامارەکە، ژمارەی بەشداربووانی هێڵی تەلەفۆنی “نۆرماڵ” لە ساڵی 2021دا زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی 2020.
بەکارهێنانی تەلەفۆنی “نۆرماڵ” بە رێژەی 4.3% زیادیکردووە
ئێستا لە سەرانسەری عێراقدا هێڵی تەلەفۆنی نۆرماڵ دوو ملیۆن و 243 هەزار بەشداربوویان هەیە، لەکاتێکدا ساڵی 2020 ژمارەکە دوو ملیۆن و 151 هەزار بووە، واتە بە رێژەی 4.3% زیادی کردووە.
ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان ژمارەی تەلەفۆنی نۆرماڵی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، بەڵام لەبارەی عێراقەوە دەریخستووە زۆرترین ژمارەی تەلەفۆنی نۆرماڵ لە پارێزگاکانی دیالە و نەجەفن.