زووم، ئاژانسەکان:
بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج، حکومەتی ئێران دوو دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی وڵاتەکەی لەسێدارەدا.
ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، رایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 7ی کانوونی دووەمی 2023، لە زیندانی پارێزگای ئەلبورز، دوو دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە، بە ناوەکانی محەمەد مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج بە ناوی روحوڵلا عەجەمیان لەسێدارەدراون.
ماڵپەڕی میزان، تۆماری ڤیدیۆیی دادگاییکردنی ئەو دوو کەسە و تۆماری ڤیدیۆیی کاتی کوشتنی ئەندامەکەی بەسیجی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا محەمەد مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی دان بە تاوانەکانیاندا دەنێن.
ئێستا ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارەدراون گەیشتووەتە چوار کەس.
مانگی رابردوو “دادگاکانی شۆرش” دوو گەنجیان بەناوەکانی موحسین شکاری و مەجید رەزا رەهنوەرد بەبەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە دا، کە هەردووکیان تەمەنیان ٢٣ ساڵ بوو.
لەلایەکی دیکەوە، بە دەیان ئەستێرەی هۆلیۆد، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە سزای لەسێدارەدان رابگرێت.
ئەستێرەکانی هۆلیۆد لە پەیامەکەیاندا رایانگەیاند، ئەوان پشتگیری لە گەلی ئێران دەکەن کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن، بە هەزاران کەس دەستگیرکراون، ژمارەیەکیان لەسێدارەدراون و مەترسی لەسیدارەدان لەسەر بەشێکی دیکەیان هەیە، بەڵام جیهان بێدەنگە.
خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 16ی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئەمەش پاش مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیرکرابوو.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا نزیکەی 480 کەس کوژراون کە لەو ژمارەیە، ٣٤ کەس ژن و ٦٤ کەسیان منداڵن.
بەگوێرەی ئامارەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 480 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون
رێکخراوەکە ماوەیەک لەمەوبەر ناسنامەی نزیکەی 100 کەسی لە نەتەوەکانی کورد، فارس و بەلوچ ئاشکرا کرد کە مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.