زووم، ئاژانسەکان:
پاش 15 جەولەی دەنگدان، کیڤن مەکارتی ئەمڕۆ شەممە 7ی کانوونی دووەمی 2023 سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان و بووە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و جێگەی نانسی بیلوسی گرتەوە.
I hope one thing is clear after this week: I will never give up. And I will never give up for you, the American people. https://t.co/uLqPKa1maZ
— Kevin McCarthy (@SpeakerMcCarthy) January 7, 2023
راستەوخۆ پاش کۆتاییهاتنی دەنگدانەکە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە سەرۆکی تازەی کۆمارییەکان کرد و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵیان.
پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سێیەم گەورەترین پۆستە لە ئەمریکا لەدوای سەرۆکی وڵات و جێگرەکەی.
مەکارتی بە دەنگی کەمتر لە نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، بەهۆی ئەوەی پێنج کەس لە ئەندامانی پارتەکەی پشتگیرییان نەکرد و دەنگیان بە هیچ کاندیدێک نەدا.
ئەم سەرکەوتنەی مەکارتی پاش ئەوە دێت، لە چەند کاتژمێری رابردوودا لە جەولەی 14ی دەنگداندا نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەستبهێنیت.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، شکستهێنانی مەکارتی لە جەولەی 14ی دەنگدانەکەدا گرژی زۆری لە ناو هۆڵی دەنگداندا دروستکردووە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا چوار رۆژە لە 15 جەولەی دەنگداندا نەیانتوانیبوو سەرۆکی تازە هەڵبژێرن، ئەمەش یەکەمجار بوو لە مێژووی 100 ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا، کە زۆرینەی نێو ئەنجومەنەکە شکست بهێنن لە دیاریکردنی سەرۆکێکی تازە.
ئەمساڵ هەریەک لە کیڤن مەکارتی، جیم جۆردەن و برایان دۆناڵدز لە پارتی کۆمارییەکان و حەکیم جافێریز لە پارتی دیموکراتەکان خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنەکە کاندید کردبوو. کاندیدی براوە پێویستی بە 218 دەنگى ئەندامانی ئەنجومەنەکە بوو، بەڵام لە 15 جەولەدا هیچ کاندیدێک ئەو ژمارەیەی بەدەستهێنابوو.
سەرباری ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکادا کۆمارییەکان بە 222 دەنگ بەرامبەر بە 213 دەنگ لە دیموکراتەکانیان بردەوە، 20 ئەندام لە پارتەکەی خۆیدا لە دژی مەکارتی وەستاونەتەوە، لە رۆژی یەکەمدا دەنگیان بە جۆردەن دا و لە رۆژی دووەمدا دەنگیان بە دۆناڵدز دا.