ئەمشەو هەموو چاوەکان لەسەر دێربی مەدرید دەبن، باسی ئەوە ناکەین کە ریاڵ مەدرید بە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە، لوتکەی ریزبەندیی لالیگا وەردەگرێتەوە، ئاماژە بەوەیش نادەین کە ئەتلەتیکۆ مەدرید پێویستی بە بردنەوەیە، تاوەکو خۆی بگەیەنێتەوە بە چوار گەورەکە، بەڵکو ئاماژە بە ململانێیەکی شاراوە دەدەین.
دێربی مەدرید گوزارشتە لە روبەڕوبونەوەی، نێوان دوو جەمسەری تۆپی پێی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، هەریەک لەوان خاوەنی مێژوو و دەستکەوتی تایبەتن، دەجەنگن تاوەکو خۆیان وەکو نوێنەری پایتەخت بناسێنن.
ئەگەر ئەمە ململانێی نێوانیان بێت لەنێو یاریگەدا، ئەوا لە دەرەوەی یاریگە ململانێکە لەنێوان دوو چینی جیاوادایە، چینێکی دەوڵەمەند کە هانی ریاڵ مەدرید دەدەن، چینێکی زەحمەتکێش کە پشتگیریی لە ئەتلەتیکۆ مەدرید دەکەن.
جیاوازییە چینایەتییەکە لە یاریگەکانیانەوە دەستپێدەکات، یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی ریاڵ مەدرید، بە تەنیشت بانک و کۆمپانیا گەورەکانەوەیە، بەڵام ڤیسێنتی کالدیرۆنی ئەتلەتیکۆ لەپاڵ رێگەیەکی خێرا و بە تەنیشت کارگەیەکی دێرینەوەیە.
مێژووی ململانێی نێوان ئەم دوو یانەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست، ئەوکاتەی ریاڵ مەدرید سیاسەتی پاوانخوازیی بەکاردەهێنا و زۆرینەی بچوکەکانی لە خۆیدا کۆدەکردەوە، ئەتلەتیکۆ مەدرید بووە تاکە رزگاربووی دەستی پاوانخوازییەکە و خۆی قوتارکرد.
پاش تێکەڵبوونی زەقی سیاسەت و تۆپی پێ، ململانێکان توندتر بوون، دۆخەکە گەیشتە رادەیەک کە ئەتلەتیکۆ مەدرید، بە هێزی سەربازیی ئاسمانیی ئیسپانیاوە بەسترایەوە.
ئێستا پاش ئەو هەموو ململانێیە، ئەمشەو کاتژمێر 10 بە کاتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە ئەو دوو جەمسەرەی مەدرید، روبەڕوی یەکدی دەبنەوە، ئەمجارە ململانێکە لەنێو خولی ئیسپانیایە، ریاڵ مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریدەکات و پێویستی بە بردنەوەیە تاوەکو لوتکەی لالیگا لە بەرشەلۆنە وەربگرێتەوە.
ئەتلەتیکۆ مەدریدیش دەیەوێت لەرێگەی بردنەوەی یارییەکە، بگەڕێنێتەوە نێو چوار گەورەکەی لالیگا.