زووم، ئاژانسەکان:
لەگەڵ نزیکبوونەوەى کاتى بڵاوبوونەوەى کتێبەکەى شازادە هارى، کە بڕیارە هەفتەى داهاتوو بڵاوببێتەوە، رۆژنامە و میدیاکانى بەریتانیا چەند بەشێکیان لە کتێبەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیانبەوەداوە کە کتێبەکە چەندین موفاجەئە و نهێنى تێدایە کە پێشتر هەرگیز نەزانراون.
رۆژنامەکانى گاردیان و سەن و کەناڵى سکاى نیوز رایانگەیاندووە، کە کۆپییەکیان لە کتێبەکە دەستکەوتووە پاشئەوەى لە ئیسپانیا بە هەڵە پێش وادەى خۆى بڵاوکراوەتەوە.
کتێبەکە بە ناونیشانى (SPARE)ە لە قسەیەکى کۆن و باوى نێو بازنەى پادشایەتى و ئەرستۆکراتەکان وەرگیراوە: منداڵى یەکەم جێگرەوەى تاج و هەژموون و سامانە، بەڵام دووەم رەگەزێکى زیادە یاخود یەدەگە، تەنها بۆ ئەگەرى ئەوەى شتێک بەسەر منداڵى یەکەمدا هات.
دیانا، ئەو برینەى ساڕێژ نابێت…
هارى لە یادەوەرییەکانیدا خۆشەویستییەکى زۆرى بۆ دیاناى دایکى دەربڕیوە، کە مانگى ئابى 1997 لە رووداوێکى هاتوچۆدا لە پاریس گیانى لەدەستدا، هەروەها خۆشەویستى هاوشێوەى بۆ نەنکى (شاژنە ئیلیزابێسى دووەم) دەبڕیوە کە ساڵى رابردوو کۆچى دوایی کرد.
شیکەرەوەیەکى بەریتانى بە کەناڵى “سکاى نیوزى” راگەیاندووە، پێدەچێت هارى و ویلیام بە هاوسەرگیریی باوکیان (پادشاى ئێستا بەریتانیا) لەگەڵ کامێلا بارکر پوڵز رەزامەند نەبووبن، لە کتێبەکەشدا هارى هاوسەرى باوکى بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەندێک هەواڵى لەبارەى خۆى و براکەى بۆ رۆژنامەکان دزە پێکردووە، هەروەها هارى یەکەم دیدارى لەگەڵ کامێلا وا وەسفکردووە چۆن کەسێک چاوەڕێى “دەرزی” بکات لەلاى پزیشک، بەگوێرەى ئەو بەشەى کە رۆژنامەى سەن لە کۆپی کتێبەکە دەستیکەوتووە، هارى گوتویەتى: کامێلا لە یەکەم دیداردا “بێزار” بووە.
هارى لە باوەشى دیاناى دایکیدا
هەروەها رۆژنامەى تایمز لە ژمارەى ئەمڕۆ هەینیدا بڵاویکردووەتەوە، شازادە هارى لە کتێبەکەیدا ئاشکرایدەکات، ویلیام-ى براى لە باوکى (پادشاى ئێستاى بەریتانیا) پاڕاوەتەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ “کامێلا” نەکات، چونکە نایەوێت زڕدایکى هەبێت.
شەڕ لەگەڵ ویلیام
رۆژنامەى گاردیان، ئەو بەشەى لە کتێبەکە بڵاویکردووەتەوە کە باس لە وردەکاریی ناکۆکییەکانى نێوان شازادە هارى و براکەى (ویلیام شازادەى جێنشینى بەریتانیا) دەکات، تا دەگات بە توندوتیژیی جەستەیی، لەبارەى ئەو شەڕەى کە ساڵى 2019 لەنێو ماڵەکەیان لە لەندەن روویدا، هارى دەڵێت: ویلیام هێرشى کردووەتە سەر مێگانى هاوسەرى و بەکەسێکى “عەسەبى” و “بێئابڕو” ناوى بردووە، هارى دەڵێت ئەو هێرشانەى کە دەکرانە سەر مێگان گەیشتە ئەوەى لە میدیا و رۆژنامەکانیش دووبارەبوونەوە و بانگەشەیان بۆ دەکرا، وەکو هارى لە کتێبەکەیدا نوسیویەتى: روبەڕوبونەوەکانى نێوان خۆى و براکەى گەیشتووەتە ئاستى پەلاماردان و لێدان، دەڵێت، ویلیام بە توندى لێیدام و کەوتم بە زوویدا.
ویلیام بە هێلیکۆپتەرێکى ئاپاچى لە ئەفغانستان 25 چەکدارى تاڵیبانى بە جارێک کوشت
هەروەها هارى براکەى تۆمەتباردەکات بەوەى وەکو میراتگری تەخت رەفتار دەکات و نەیتوانیوە لە بێزارى برا بچوکەکەى تێبگات کە ئایا تەنها رەگەزێکى زیادە یاخود یەدەگە.
هەر سەبارەت بە ناکۆکییەکانى نێوان ویلیام و هارى، رۆژنامەى دەیلى تەلەگراف لە ژمارەى ئەمڕۆ هەینیدا بڵاویکردووەتەوە کە هارى لە کتێبەکەیدا ئاشکرایکردووە: “ویلیام-ى براى بە هێلیکۆپتەرێکى ئاپاچى لە ئەفغانستان 25 چەکدارى تاڵیبانى بە جارێک کوشتووە”.
لەلایەکى دیکەوە کەناڵەکانى ITV news و CBS 60 Minutes لە بەریتانیا و ئەمریکا دوو چاوپێکەوتنی جیایان لەگەڵ شازادە هارى ئەنجامداوە و بڕیارە لە ماوەکانى پشووى ئەم هەفتەیەدا بڵاوبکرێنەوە، زۆر کەس بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێى چاوپێکەوتنەکان دەکەن.