پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە بەشار ئەسەدی دەگوت “منداڵ کوژ”، ئێستا هەوڵ بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن.
شاندی تورکیا دەچێتە دیمەشق و دانوستان دەکەن، بەر لە چەند رۆژێک ئەرۆغان گوتی، هەرگیز ناتوانین گفتوگۆی سیاسی و دیپلۆماسی نێوان دەوڵەتان کۆتایی پێبهێنین.ئەوکاتەی وای گوت وەک هەر قسەیەکی ئاسایی بینرا، بەڵام بۆ ئێستا جیاوازە، ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریای لێ دەخوێندرێتەوە.
دەرکەوت لە ئاستی باڵای دەزگای هەواڵگریدا سەردان و دانوستان هەیە، رۆژنامەی سەباحی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا واتە ‘میت’ لەم ماوەیەدا چەندینجار سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ عەلی مەملوک، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوریا کۆبووەتەوە.
رۆژنامەکەی نزیک لە حکومەت دەڵێت، پێدەچێت لە داهاتوودا ئەردۆغان و ئەسەدیش چاویان بە یەک بکەوێت.
ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی ئێستای هەردوو وڵات ‘گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە بۆ سوریا، ئەمە بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی رۆژنامەی سەباح بڵاویکردووەتەوە.
بەڵام تەلەڤیزیۆنی سوریا، کە نزیکە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێت، گفتوگۆ کراوە لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا.
حکومەتی دیمەشق مەرجی یەکەمی ئەوەیە هێزهكانی توركیا لە خاکی سوریا بکشێتەوە.
شاندەکەی تورکیاش گوتویەتی، بە مەرجێک دەکشێنەوە پرۆسەی دەستوری تەواو بکرێت، هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجام بدرێت و رێککەوتنی ئەدەنەش نوێ بکرێتەوە.
رێککەوتنی ئەدەنە ساڵی 1998 لەنێوان تورکیا و سوریا واژۆکرا و ناوەرۆکەکەی دژی پەکەکەیە.
پێویستە ئاوارەکان ماڵ و موڵکیان پێبدرێتەوە و هەلومەرجی کارکردنیان بۆ بڕەخسێندرێت.
خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نیگەرانە لە کۆبوونەوەکان و بە مەترسی لەسەر خۆیانی دەزانێت.
ریاز دەڕار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی بە ئاژانسی نۆرس پرێسی نزیک لە خۆیانی گوتووە، تورکیا بەو هەنگاوەی دەیەوێت هەندێک ناوچەی دیکەی باکوری سوریا کۆنترۆڵ بکات.
ئەو دەڵێت دوور نییە بەشێکی دانوستانەکان لەسەر حسابی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکان بێت.