زووم، ئەلعەرەبیە:
پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” بڕیارەکەی دادگای دەستووریی تورکیا لەبارەی بڕینی بودجەی پارتەکەیانەوە بە “سیاسی” وەسفدەکەن و دەڵێن “تانەی لێدەدەین”.
دادگای دەستووریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، بەشێوەیەکی “کاتی” بودجەی هەدەپەی بڕی، کە گەورەترین پارتی کوردی و سێیەم گەورەترین پارتە لە تورکیا.
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا، بەرپرسێکی هەدەپە رەخنەی لە بڕیارەکەی دادگا گرت و بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی گوت “بڕیارێکی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە”.
بەرەکات کار، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەدەپە، گوتیشی، بڕیارەکەی دادگا لەسەر خواستی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەکانی بووە.
هەرچەندە بڕینی بودجەکە کاتییە، بەڵام بەرەکات کار گوتی، بێدەنگ نابن و “تانەی لێدەدەن”.
بەرپرسەکەی هەدەپە، ئەو تۆمەتانەشی رەتکردەوە، گوایە بەو پارەیەی لە حکومەتی تورکیای وەردەگرن یارمەتی پەکەکەی پێدەدەن.
پارتی دیموکراتی گەلان کە سێیەم گەورەترین پارتی تورکیایە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەى پەیوەندی لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکەدا هەیە، بەهۆى ئەو تۆمەتانەوە پارتەکە مەترسی داخستنیشى لەسەرە لەکاتێکدا کە کەمتر لە شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی تورکیا.
پێشبینى دەکرێت بڕیاری داخستنی پارتەکە، سێشەممەى داهاتوو 10ی کانوونی دووەم دەربچێت.
تەلەڤزیۆنى “ئێن تی ڤی” تورکی ئاشکرایکرد، بڕیار بووە بڕی 539 ملیۆن لیرەی تورکی (28.7 ملیۆن دۆلار) وەک هاوکاری لەمساڵدا بدرێت بە هەدەپە، بە جۆرێک کە یەک لەسەر سێی پارەکە لە 10ی کانوونی دووەم پێ بدرێت.
دادگاى دەستووریی تورکیا لە 15 ئەندام پێکدێت و لە بڕیارەکەى ئەمڕۆشیدا دژى هەدەپە، هەشت ئەندام لەگەڵیدا بوون و حەوت ئەندام ناڕازیی بوون.
هەدەپە لە ساڵی 2016وە روبەروی هەڵمەتێکی فراوان بووەتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، سەرەتا بە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پارتەکە دەستیپێکرد، دوای دوو ساڵ مانەوەی لە زیندان، حوکمدرا بە زیندانی کردن بۆ ماوەی چوارساڵ و نیو.