ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2023، دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاریدا بە بڕینی بودجەی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” بەشێوەیەکی کاتی، ئەمەش بەپێى لێدوانى گوتەبێژێکی پارتەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس.
پێدەچێت بڕیاری داخستنی پارتەکە، سێشەممەى داهاتوو 10ی کانوونی دووەم دەربچێت
پارتی دیموکراتی گەلان کە سێیەم گەورەترین پارتی تورکیایە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەى پەیوەندی لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکەدا هەیە، بەهۆى ئەو تۆمەتانەوە پارتەکە مەترسی داخستنیشى لەسەرە لەکاتێکدا کە کەمتر لە شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی تورکیا.
پێشبینى دەکرێت بڕیاری داخستنی پارتەکە، سێشەممەى داهاتوو 10ی کانوونی دووەم دەربچێت.
تەلەڤزیۆنى “ئێن تی ڤی” تورکی ئاشکرایکرد، بڕیار بووە بڕی 539 ملیۆن لیرەی تورکی (28.7 ملیۆن دۆلار) وەک هاوکاری لەمساڵدا بدرێت بە هەدەپە، بە جۆرێک کە یەک لەسەر سێی پارەکە لە 10ی کانوونی دووەم پێ بدرێت.
بڕیار بوە بڕی 28.7 ملیۆن دۆلار، وەک هاوکاری لەمساڵدا بدرێت بە هەدەپە
دادگاى دەستووریی تورکیا لە 15 ئەندام پێکدێت و لە بڕیارەکەى ئەمڕۆشیدا دژى هەدەپە، هەشت ئەندام لەگەڵیدا بوون و حەوت ئەندام ناڕازیی بوون.
هەدەپە لە ساڵی 2016وە روبەروی هەڵمەتێکی فراوان بووەتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، سەرەتا بە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پارتەکە دەستیپێکرد، دوای دوو ساڵ مانەوەی لە زیندان، حوکمدرا بە زیندانی کردن بۆ ماوەی چوارساڵ و نیو.
سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پارتەکە، حوکمدرا بە زیندانی کردن بۆ ماوەی چوارساڵ و نیو
جگە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، چەندین بەرپرسی باڵا و لایەنگری پارتەکە دەستگیرکراون، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەدەپە بەوە تۆمەتبار دەکات کە باڵی سیاسی ئەو هێزە چەکدارانەیە کە دەیان ساڵە یاخیبوونیان لە دژی دەوڵەتی تورکیا راگەیاندووە.
پارتی دیموکراتی گەلان، بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئەردۆغان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوان هیچ پەیوەندیەکییان بە پەکەکەوە نییە، “حکومەتی تورکیا ئێمە بە ئامانج دەگرێت بە هۆی دژایەتییمان بۆ ئەردۆغان و سیاسەتەکانی”.
چارەنووسی هەدەپە رۆڵی کاریگەریی هەیە لە سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەو پێیەی هەدەپە لە سەختترین ئەو ئاڵنگارییانە بووە کە روبەروی ئەردۆغان بووەتەوە لە ماوەی دەسەڵاتییدا.
چارەنوسی هەدەپە، کاریگەری هەیە بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن
لە نەوەدەکانی سەدەى رابردووەوە، تورکیا کارکردنی نزیکەی 10 پارتی سیاسی قەدەغەکردووە، بەهۆی پشتگیرییان لە دۆزی کورد.
تورکیا لە 19ی تشرینی دووەمی 2022، ئۆپەراسیۆنێکی لە ژێر ناوی “چنگی شمشێر” دەستپێکرد بۆ سەر رۆژئاڤا و هەرێمى کوردستان، بە پاساوی بوونی مەترسی لەسەر تورکیا لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.