کەریم یونس، کۆنترین زیندانیکراوى فەڵەستینى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجەشەممە پاش بەسەربردنى 40 ساڵ لە زیندانەکانى ئیسرائیلدا ئازادکرا، ئەو کە دەستگیرکرا گەنجێک بوو لە بیستەکانى تەمەنيدا، بەڵام ئەمڕۆ بە پیریی و سەر و ریشى سپییەوە لە زیندان هاتە دەرەوە.
کەریم کە دەستگیرکرا گەنجێک بوو لە بیستەکانی تەمەنیدا، بە ریشی سپی لە زیندان هاتە دەرەوە
لە یەکەم لێدوانیدا پاش ئازادبوونى گوتى: خۆشحاڵم بۆیەکەمجار دواى 40 ساڵ دار و خۆر و ئۆتۆمبێل دەبینم، 40 ساڵە تەنها شیش و دیوار و کۆنکرێتى زیندانەکانم بینیوە.
بە درێژایی ئەو ساڵانەى کەریم لە زینداندا بوو زۆر شت گۆڕان، بەڵام ئەوەى نەگۆڕاوە ململانێى ئیسرائیل-فەڵەستینە، هەر ئەمڕۆ کە کەریم ئازادکرا، هێزە ئەمنییەکانى ئیسرائیل 11 فەڵەستینی دیکەیان لە کەرتى رۆژئاوادا پەلکێشى زیندانەکان کرد.
چوار دەیە لە زینداندا
کەریم یونس فازڵ لە 24ى کانوونى یەکەمى 1956 لە گوندى “عارە” لە ناوچەى سێگۆشەى باکور لەدایکبووە کە ناوچەى جێناکۆکى نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینە.
سزای کەریم یونس،سێدارە بووە، بەڵام دواتر دەگۆرێت بۆ “زیندانى هەتاهەتایی “
سەرەتاى ساڵى 1983 کاتێک خوێندکارى زانکۆى بن گوریۆن دەبێت لە باشورى ئیسرائیل، شەوێک هێزە ئەمنییەکانى ئیسرائیل هەڵدەکەوتنە سەر ماڵى خێزانەکەى لە گوندى “عارە”، بەڵام کەریم لە ماڵ نابێت، چونکە خوێندکارى زانکۆ بوو، بۆبەیانییەکەى واتە 6ى کانوونى دووەمى 1983 لەکاتى دەوامى زانکۆدا دەستگیرى دەکەن.
کەسوکارەکەى لە سەرەتادا شوێنى دەستگیرکردنى کوڕەکەیان نازانن، چەندین مانگ زیندان بە زیندانى ئیسرائیل دەگەڕێن تاوەکو شتێکیان لەبارەى چارەنووسییەوە دەستبکەوێت، بەڵام سودى نابێت تا دواجار پارێزەرەکەیان لە زیندانى عەسقەلان دەیدۆزێتەوە.
دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل چەندین تۆمەت دەدەنە پاڵ کەریم یونس لەوانە: ئەندامبوون لە بزوتنەوەى فەتح کە لەوکاتەدا قەدەغەکراو بوو، بەشدارییکردن لە جوڵانەوەى چەکداریی و کوشتنى سەربازی ئیسرائیلى.
دادگاى ئیسرائیل لە سەرەتادا بڕیارى لەسێدارەدانى بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵام دواتر سزاکەى سوک دەکرێت بۆ “زیندانى هەتاهەتایی “، لە ساڵى 2015ش سزاکەى بە 40 ساڵ زیندانیکردن بۆ دیاری دەکرێت، ئەمڕۆش 40 ساڵەکەى تەواوکرد و ئازادکرا.
کەریم بە یەکێک لە کۆنترین زیندانیانى سیاسیی لە جیهان و بە کۆنترین زیندانیکراوى فەڵەستینى هەژماردەکرێت، ببووە سیمبولێک بۆ دەستگیرکراوانى فەڵەستین و نازناوى “عەمیدى زیندانیانى فەڵەستینى” پێبەخشرابوو.
بەرپرسانى ئیسرائیل هەمیشە ئازادکردنى کەریم یونسیان رەتکردەوە و هیچ کات ئامادەنەبوون لە پرۆسەکانى ئاڵوگۆڕى دیل بە دیل لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیدا ئازادى بکەن، چونکە دەیانگوت کەریم هاوڵاتى ئیسرائیلییە و رەگەزنامەى ئیسرائیلى هەیە، ئەو داواکارییانەشى کە لێى دەکران بۆ ئازادکردنى، بە ستتێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتەکەى لە قەڵەمى دەدا.
ئازادبوونى کەریم یونس
کەریم یونس بە میدیاکانى راگەیاندووە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەربازانى ئیسرائیل لە وێستگەیەکى پاس دایان گرتووە و پێیان گوتوە بڕۆ، بەڵام وەکو خۆى دەڵێت نەیزانیوە شوێنەکە کوێ بووە و داواى هاوکارى لە کەسێکى رێبوار کردووە ئەویش تەلەفۆنەکەى پێداوە و پەیوەندى بە کەسوکارەکەیەوە کردووە و هەواڵى ئازادبوونى پێگەیاندوون.
کەریم یەکسەر رۆیشتووەتەوە بۆ زێدى لەدایکبوونى واتە (گوندى عارە) خەڵکى گوندەکە پێشوازییەکى گەرمیان لێکرد، لە لێدوانێکدا پاش ئازادبوونى گوتى: سڵاو بۆ گەلى فەڵەستینى مەزن، 100 ساڵە خەبات دەکات بەبێ ئەوەى ئاڵاى سپى بەرز بکاتەوە.
کەریم دەڵێت دایکم 700 جار سەردانی کردووم لە زیندان
لەگەڵ گەیشتنەوەى بە گوندەکەى، یەکەم شوێن کە کەریم سەردانى دەکات گۆڕى دایکى دەبێت، لەسەر قەبرەکەى دایکى گریا چونکە نەیتوانى خەونى شادبوونەوەى بە رۆڵەکەى ببینێ.
حاجى سەبیحەى دایکى کەریم، 39 ساڵ و چوار مانگ چاوەڕوانى گەڕانەوەى کوڕەکەى دەکات، بەڵام هەشت مانگ پێش ئێستا کۆچى دوایی کرد، بەر لە مردنى هەمیشە لە میدیاکانەوە قسەى دەکرد و داواى ئازادکردنى کوڕەکەى دەکرد، دەیگوت: ئەو رۆژە جەژنى منە کە کەریم لە زیندان ئازاد دەبێت، هەروەها دەیگوت من لە مردن ناترسم لەوە دەترسم رۆژێک بمرم و کوڕەکەم بە ئازادى نەبینمەوە.
یونس فازڵى باوکی کەریمیش، 10 ساڵ پێش ئێستا و لە شەشى کانوونى دووەمى ساڵى 2013 کۆچى دوایی کرد واتە لە 30یەمین ساڵڕۆژى دەستگیرکردنى کوڕەکەیدا.
کەریم یونس لەنێو زیندانەکانى ئیسرائیل درێژەى بە گەشتى فێربوون دا و پەیوەندى بە زانکۆى “ئەبو دیس”ەوە کرد، توانى بڕوانامەى ماستەر لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندى نێودەوڵەتى بەدەستبهێنێت، هەر لە زیندان کەریم دوو کتێبى لە ساڵەکانى 1990 و 1993 نوسیوە.
خوشک و براکانى کەریم ئێستا هاوسەرگیرییان کردووە و هەریەکە و ماڵى سەربەخۆى خۆیان هەیە، لە گوندەکەیان خانوویەکیشیان بۆ کەریمى برایان دروستکردووە تاوەکو ئەو بەشەى کە لە ژیانیدا ماوە تێیدا بەرێتەسەر، کەریم تائێستا هاوسەرگیریی نەکردووە و دایکى دەیگوت “خەون بەوەوە دەبینم کە کەریم هاوسەرگیریی بکات و ماڵ و منداڵى خۆى هەبێت”.