زووم، ئاژانسەکان:
ئاندی گاسی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆن، رایگەیاند، بەنیازن دەستبەرداری 18 هەزار کارمەندی کۆمپانیاکە ببن، لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاشکرایانکردبوو.
بڕیاری دورخستنەوەی کارمەندەکانی ئەمازۆن لە 18ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات، بە گوتەی ئەندی گاسی “کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو رێکخراوە بازرگانییانەی سەر بە کۆمپانیاکەن.
کەناڵی دۆیچەڤێللەی ئەڵمانی، ئاماژەیبەوەداوە، دەرکردنی ئەو 18 هەزار کارمەندە گەورەترین پرۆسەی دەرکردنی کارمەندە لە کۆمپانیاکەدا.
کۆمپانیای ئەمازۆن نزیکەی 300 هەزار هێزی کاری هەیە، دەرکردنی 18 هەزار کەس بەو مانایە دێت کە کۆمپانیاکە دەستبەرداری 6%ی هێزی کاری خۆی دەبێت.
Our CEO Andy Jassy just shared a message to Amazon employees. https://t.co/cw5Dl6WY84
— Amazon News (@amazonnews) January 5, 2023
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، دەڵێت لە ساڵانی رابردوودا زۆر بە خێرایی پرۆسەی دامەزراندنی کارمەندیان جێبەجێکردووە، ئێستاش لە رووی داراییەوە دڵنیانین، بۆیە ژمارەی کارمەندەکانیان کەمدەکەنەوە.
لە مانگی 11ی ساڵی رابردووشدا، ئەمازۆن دەستبەرداری چەند کارمەندێکی بوو لە بەشی ئامێرەکان، ئەوکات ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردبوو، کۆمپانیاکە نیازی هەیە دەیان هەزار کارمەند لە کارەکانیان دوربخاتەوە بە تایبەتی لە بەشی ئامێرەکان و بەشی سەرچاوە مرۆییەکان.
کۆمپانیای ئەمازۆن لە دوای ۆڵ مارتدووەم گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لە ئەمریکا، نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کارمەندی هەیە.
ئەم هەنگاوەی ئەمازۆن لەکاتێکدایە، پێشتر کۆمپانیاکانی تویتەر و مێتا و مایکرۆسۆفت کۆرب هەزاران کارمەندیان دەرکردبوو.
کۆمپانیای مێتا، کە خاوەندارێتیی فەیسبووک دەکات، تەنها لە ساڵی 2022دا دەستبەرداری 11 هەزار کارمەندی خۆی بووە.