بەگرێرەی راپرسیەک، کە لە 61 پارێزگای تورکیا ئەنجامدراوە، رێژەی دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 30٪ تێپەڕ ناکات، کە دەبێتە کەمترین دەنگە لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە.
کۆمپانیای (HBS)ی تایبەت بە راپرسی و ئامارەکان، راپرسیەکی لەبارەی رێژەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامدا. لە راپرسیەکەدا بۆچوونى 55 هەزار دەنگدەرى وڵاتەکەى وەرگرتووە؛ ئەنجامەکەشی بەم شێوەیەیە:
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 29.1٪
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 23.8٪
پارتی باش 19.6٪
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 9.8٪
پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 5.9
بایکۆت و ئەو کەسانەی بڕیاریان نەداوە 5.7٪
بەگوێرەی راپرسیەکە بێت، مەهەپە ناتوانێت بەندی 7.0٪ی هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنێت و ئەگەر دەنگەکانی لەژێر ئەم رێژەیەوە بێت، فراکسیۆنەکەی سەرناکەوێت و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا لە دەرەوەی پەرلەمان دەمێنێتەوە.
https://twitter.com/Hbs_arastirma/status/1610865688993841156?s=20&t=H0-GMXZLNJppYePRyObvCw
ئەو راپرسییانەى لەبارەى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى تورکیا ئەنجامدراون، تاوەکو ئێستا لە بەرژەوەندى ئاکەپە نین، هەموویان ئاماژەن بە کەمبوونەوەى زۆرى دەنگەکانى ئاکەپە.
ئاکەپە ساڵى 2001 دامەزرێندرا و لە هەڵبژاردنى ساڵى 2002دا بە بەدەستهێنانى 365 کورسی رێکوردى شکاند و بە تەنیا حکومەنى پێکهێنا، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا پارتەکە بەسەرۆکایەتى رەجەب تەیب ئەرۆغان لە دەسەڵاتدایە، بەڵام راپرسییەکانى ئێستا ئاماژەن بۆ لەدەستدانى دەسەڵاتى پارتەکە.
رۆژى 18 حوزەیرانى ئەمساڵ وادەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیایە، بەڵام گفتوگۆ لەبارەى دوو وادەى دیکە بۆ ئەنجامدانى دەکرێت.
رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، راپۆرتێکی لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەسەڵات (ئاکەپە و مەهەپە)، لەنێو خۆیاندا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنە پێشوەختە دەکەن و قسە لەسەر 30 نیسان، 7ى ئایار و 14ی ئایار دەکریت.
نزیکبوونەوە لە وادەى هەڵبژاردنەکە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتیەک بە فەرمی، ناوی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان نەکردووە.
لەنێو هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە)دا باس لە کاندیدکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکرێت، بەڵام بەگوێرەی یاسا، ئەردۆغان ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، چونکە پێشتر دوو خولە سەرۆککۆمارە.
هاوپەیمانی کۆماریش (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، سەعادەت، پارتی دیموکرات و دوارۆژ) پێدەچێت، کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گشتی جەهەپە کاندید بکات. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و شەش لایەنی چەپ) ئاشکرای کردووە، کە ژنێک کاندید دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هاوپەیمانێتیەش لە ئاستی ئەم پرسەدا بێدەنگە.