زووم، ئاژانسەکان:
دوو رۆژ دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا لەسەر کاغەزە، بەڵام هێشتا هیوایەک نییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنەکە، هۆکارەکەشى دابەشبوونى کۆمارییەکانە، کە پۆستەکەش پشکى ئەوانە.
هەریەک لە کیڤن مەکارتی، جیم جۆردەن و برایان دۆناڵدز لە پارتی کۆمارییەکان و حەکیم جافێریز لە پارتی دیموکراتەکان خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنەکە کاندید کردووە. کاندیدی براوە پێویستی بە 218 دەنگى ئەندامانی ئەنجومەنەکەیە، بەڵام لە کۆتا دوو دەنگدانی سێشەممە و چوارشەممەدا هیچ کامیان دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا.
لە کۆتا دەنگدانی یەکەمدا، مەکارتی 202 دەنگ
لە کۆتا دەنگدانی یەکەمدا، کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، مەکارتی 202 دەنگ، دۆناڵدز 1 دەنگ، جۆردەن 20 دەنگ و جافێریز، لە کۆی 213 ئەندامی پارتەکەی، 212 دەنگی بەدەستهێنا. دوای سێ دەنگدانی شکستواردوو، دەنگدانەکە دواخرا بۆ چوارشەممە، بەڵام ئەویش ئەنجامەکەى شکست بوو.
لە کۆتا دەنگدانی چوارشەممەدا، دەنگەکانی مەکارتی بۆ 201 دەنگ کەمی کرد و لەبەرامبەردا دۆناڵدز 20 دەنگی بەدەستهێنا. دەنگی جافێریش، کە کاندیدی دیموکراتەکانە، وەک خۆی مایەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکادا کۆمارییەکان بە 222 دەنگ بەرامبەر بە 213 دەنگ لە دیموکراتەکانیان بردەوە، 20 ئەندام لە پارتەکەی خۆیدا لە دژی مەکارتی وەستاونەتەوە، لە رۆژی یەکەمدا دەنگیان بە جۆردەن دا و لە رۆژی دووەمدا دەنگیان بە دۆناڵدز دا، کە جگە لەو 20 دەنگە دەنگێکی دیکەی نییە و چانسی بردنەوەی هەرگیز پێشبینی ناکرێت، ئەگەر وەک دوو رۆژى رابردوو مکوڕبن لە دژایەتیکردنى مەکارتى.
ئەوان بوونەتە بەربەست لەبەدرەم پارتەکەیان سەرۆکایەتی ئەنجومەنى نوێنەران وەربگرێت، کە یەکێکە لە سێ پۆستە باڵاکەى وڵاتە.
مات گەیتز، یەکێک لەو ئەندامانەیە، کە لە دژی مەکارتی وەستاوەتەوە و بە “پیاوێکی بێهیوا” وەسفی دەکات
مات گەیتز، یەکێک لەو ئەندامانەیە، کە لە دژی مەکارتی وەستاوەتەوە و بە “پیاوێکی بێهیوا” وەسفی دەکات و دەڵێت، یەک داواکاری سادەی لە مەکارتی هەیە: ئەویش ئەوەیە بەسادەیی واز لە کێبڕکێکە بهێنێت.
دوای شەش جار دەنگدان، بڕیارە دەنگدانی دیکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت.
ئێستا سێ سیناریۆ بۆ دەنگدانەکەی ئەمڕۆ هەن:
مەکارتی کۆڵ نەدات تاوەکو رەزامەندی 7 دەنگی دیکە لە کۆی ئەو 20 ئەندامەی پارتەکەی بەدەستبهێنێت و بیباتەوە. ئەمەش کاتێک دەبێت بەردەوام بێت و کاندیدی دیکە نەیەنە نێو پێشبڕکێکەوە.
مەکارتی کۆڵبدات و چەند کاندیدێکی دیکە وەک جۆردەن، دۆناڵدز یان ستیڤ سکالیز شوێنی بگرنەوە و یەکێکیان ببن بە کاندیدی براوەی کۆمارییەکان.
هەردوو پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر کاندیدێک رێککەون، کە میانڕە بێت لەنێوان هەردوو پارتەکەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە ئاشکرا پشتگیری خۆی بۆ مەکارتی دەربڕیوە
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە لە هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکایەتیدا لەبەرامبەر بایدن شکستیهێنا، بەتەواوی و بە ئاشکرا پشتگیری خۆی بۆ مەکارتی دەربڕیوە، زۆرێک لە سیاستەمەدارانی ئەمریکا پێیانوایە ترەمپ لە پشت ئەو چەقبەستوییەوەیە و “متمانە بە پاڵپشتییەکانی بۆ مەکارتی ناکەن”.
لە مێژووی ئەمریکادا هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەمیشە بەیەک دەنگدان یەکلایی بووەتەوە بەهۆی ئەوەی پارتی براوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەخول هەمیشە دەنگیان بەیەک کاندیدی پارتەکەیان داوە.
بەڵام دوای شەش دەنگدان، تاوەکو ئێستا ئەو پرسە یەکلایی نەبووەتەوە و بەمەش 100 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر هەمان رووداوی هاوشێوە لە مێژووی ئەمریکادا. چونکە هەمان سیناریۆ تەنها لە ساڵی 1923 دا رویداوە و لە دووەم دەنگداندا سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردراوە.