زووم:
“برایل” زمانێکی تایبەتە بە نابینایان و ئەو کەسانەی بەدەست کێشەی بینینەوە دەناڵێنن، لەم سیستەمەدا پیتەکان بە جۆرێک لەسەر کاغەز دەنەخشێنرێن، کە بەدەستلێدان هەستیان پێ بکرێت.
#EFEMÉRIDE🗓️| El Braille es un sistema alfabético basado en la combinación de seis puntos, organizados como una matriz de tres filas por dos columnas.
Este sistema constituyente una herramienta valiosa para las personas sordas y ciegas.#BoliviaHaceJusticia pic.twitter.com/hcJ86oojGQ
— VTV CANAL 8 (@VTVcanal8) January 4, 2023
نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی 4ی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی جیهانیی زمانی برایل دیاریکردووە، بە ئامانجی هاندانی نابینایان تاوەکو هەوڵەکانیان بەردەوام بکەن بۆ فێربوونی نووسین و خوێندنەوە، هەروەها هاندانی وڵاتان تاوەکو گرنگیی بەم زمانە بدەن.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستاش ملیۆنان نابینا لەسەرانسەری جیهان توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کتێب بە زمانی برایل.
پەرەسەندن
زمانی برایل بە ناوی داهێنەرەکەیەوە ناونراوە: لویس برایل (1809-1852)، کە مامۆستا بووە لە پەیمانگەی شاهانە بۆ گەنجانی نابینا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.
لویس برایل لە تەمەنی سێ ساڵیدا بەهۆی رووداوێکەوە هەستی بینینی لاواز دەبێت، بۆیە هەمیشە لە بیری ئەوەدا دەبێت، کە جێگرەوەیەک بۆ خوێندنەوە و نووسینی نابینایان بدۆزێتەوە. بەوپێیەی لەو کاتەدا تاکە رێگە بۆ نابینایان ئەوەبوو، کە پیتەکان زۆر بە گەورەیی دەنووسران، ئەمەش لویسی بێزار کردبوو، بۆیە دەستیکرد بە دۆزینەوەی رێگەیەکی تازە و لە کۆتاییشدا زمانی برایلی داهێنا.
بەر لە هەوڵەکانی لویس برایل، یەکەم ئەزموون بۆ یارمەتیدانی نابینایان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14ی زاینی، ئەوکاتەی مامۆستایەکی نابینایان لە زانکۆی موستەنسریەی بەغداد، کە لە هەمانکاتدا سەرقاڵی فرۆشتنی کتێب بوو، پیتی گەورەی لەسەر کتێبەکان نەخشاندبوو، تاوەکو ناونیشانی کتێبەکە و هەروەها نرخەکەشی بزانێت.
لەسەدەی 16ی زاینیشدا، پزیشکێکی ئیتاڵی پیتەکانی لەسەر لەوحەیەکی کانزایی نەخشاند، تاوەکو هاوکاریی نابینایان بکات بۆ خوێندنەوە.
ساڵی 1640 رێگەیەکی تازە دۆزرایەوە و ناوی لێنرا لینۆتیب، کە پیتەکان بە کانزا دروستدەکران و دەتوانرا بە دەستلێدان بناسرێنەوە.
سەدەی 19 و چەند ساڵێک بەر لەوەی لویس برایل بیر لەو بابەتە بکاتەوە، گۆڕانکارییەکی دیکە هاتە کایەوە، کاتێک ئەفسەرێکی سوپای فەرەنسا جۆرێک لە نووسینی داهێنا بۆ ئەوەی سەربازەکان لە شەویشدا بتوانن نامەی کۆدکراوی فەرماندەکانیان بخوێننەوە، ئەم سیستەمەش ناوی لێنرا: خوێندنەوەی شەوانە.
ئەم بیرۆکەیەی ئەفسەرە فەرەنسییەکە هانی لویس برایلی دا کە دەست بە دانانی سیستەمێکی تازە بکات بۆ هاوکاریکردنی نابینایان، ئەو لە ساڵی 1825 دەستیپێکرد و سەرەتا لە چەندین شوێنی فەرەنسا بەکارهێنرا، تاوەکو ئەوکاتەی لە ساڵی 1852دا (واتە ساڵی مردنی لویس برایل) بەهەموو فەرەنسادا بڵاوبووەوە و دەسەڵاتداران بە فەرمی گشتاندنیان بۆ کرد.
سیستەمی برایل
سیستەمی برایل لەسەر بنەمایەک کاردەکات، کە پێکدێت لە دانانی شەش خاڵ بە دوو ریزی ستوونی، هەریەک لە ریزەکان سێ خاڵ لە خۆدەگرن.
رەنگە زمانی برایل لە زمانی وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازیی هەبێت لە رووی مانای ژمارە و وشەکانەوە، بەڵام هەموویان لەسەر یەک بنەما کاردەکەن، کە ئەویش ریزکردنی شەش خاڵەکەیە.