لە باکوری کوردستان ئێسکوپروسکى سەدان کەس دۆزرانەوە کە گومان دەکرێت روفاتى ئەو کورددانەبن کە 93 ساڵ بەر لە ئێستا لە دۆڵی زیلانى پارێزگای وان کۆمەڵکوژکران و سوپاى تورکیا بە ئەنجامدانى تاوانەکە تۆمەتبار دەکرێت.
دەرکەوتنی روفاتی ئەو کەسانە پاشئەوە دێت کە بەنداوێک لەسەر روباری زیلان دروستکراوە و ئاستی ئاوی روبارەکە لە خوار بەنداوەکەوە کەمی کردووە.
دەرکەوتنی روفاتی ئەو کەسانە، پاش دروستکردنی بەنداوێک دێت لەسەر روباری زیلان
یەکەمجار نییە کە روفات لەو شوێنە دەدۆزرێتەوە، ساڵی 2021یش روفاتێکی دیکە دۆزرایەوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زۆر هەوڵیاندا لێکۆڵینەوە لە ناوچەکە بکرێت، بەڵام حکومەتی تورکیا رێگرى لێیان کرد.
حکومەتی تورکیا خۆی بێدەنگ کردووە
ژیان ئوزکاپلان، سەرۆکی لقی وانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئاماژەی بە دەرکەوتنی روفاتی ئەو کەسانە لە دۆڵی زیلان کردووە و دەڵێت، لەگەڵ شاندێکی شەش کەسی سەردانی ناوچەکەیان کردووە و لەو شوێنانەی ئاستی ئاوی روبارەکە کەمی کردووە، روفاتی سەدان مرۆڤیان بینیوە.
- پێدەچێت روفاتەکان هى ئەو کەسانە بن کە لە کۆمەڵکوژی زیلاندا کوژراون
ژیان ئوزکاپلان، سەرۆکی لقی وانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا
دەشڵێت: “هەم لەنێو ئاوەکە و هەم لە دەوروبەری ئاوەکە روفاتمان بینی، ژمارەیان زۆرە، بە سەدان کەس یان زیاترن، نەمانتوانی زیاتر لێکۆڵینەوە بکەین، چەند وێنە و ڤیدیۆمان تۆمارکرد و لێکۆڵینەوەکانمان لەمبارەیەوە دەستیپێکردووە”.
ژیان ئوزکاپلان دەڵێت، پاشئەوەی لێکۆڵینەوەی تەواویان لەسەر روفاتەکان کردووە، راپۆرتێکیان پێشکەشی داواکاری کۆماری وان کردووە و دواتر چاویان بە بەرپرسان کەوتووە: “دۆخەکەمان بە بەرپرسان راگەیاند، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا نازانین، ئەو روفاتانە کێن، ئێستا هیچ کەسێکیش وڵامی ئێمەی نەداوەتەوە”.
ئوزکاپلان راشیگەیاند، پێدەچێت روفاتەکان هى ئەو کەسانە بن کە لە کۆمەڵکوژی زیلاندا کوژراون، چونکە بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ بەخاکسپێردراون.
هەدەپە پرسەکەی بردووەتە پەرلەمان
لەلایەکی دیکەوە، تەیب تەمەل پەرلەمانتاری پارێزگای وانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پرسەکەی بردووەتە، پەرلەمانی تورکیا و داوای کردووە کە پەرلەمان دەست بە لێکۆڵینەوە بکات، ئەویش پێیوایە، روفاتەکان هى ئەو کەسانە بن کە لە کۆمەڵکوژی زیلاندا کوژراون.
داوامان کرد پەرلەمان دەست بە لێکۆڵینەوە بکات
تەیب تەمەل پەرلەمانتاری پارێزگای وانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)
کۆمەڵکوژی زیلان
دوای شکستی راپەرینی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 و لەسێدارەدانى رابەرانى راپەڕینەکە، کۆمەڵێک سەرکردەی کورد کە بەشدارییان لە جوڵانەوەکەى شێخ سەعیددا کردبوو، خۆیان گەیاندە، چیای ئاگری باکوری کوردستان و لەوێ لە دژی سوپای تورکیا دەستیان بە شەڕی چەکداری کرد کە دواتر جوڵانەوەکەیان بە “شۆڕشی ئاگری” ناسرا.
چەکدارانى کورد بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم پاشای سەرۆکی هۆزی جەلالی و بە فەرماندەیی سەربازی ئیحسان نوری پاشا، تاوەکو ساڵی 1930 لە ئاگری لە دژی سوپای تورکیا وەستانەوە.
لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا، لە ئەنجامی پەلاماری سوپای ئێران و سوپای تورکیا کە رێککەوتنیان واژۆکردبوو، “شۆڕشی ئاگری” سەرکوتکرا و ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان و سەرکردەکانى شۆڕشەکە کوژران.
پاش شکستی “شۆڕشی ئاگری”، لە 13ی تەمووزی ساڵی 1930، سوپای تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی لە پارێزگاکانی وان، موش و ئاگری لە دژی ئەو کوردانە ئەنجامدا کە هاوکاری شۆڕشی ئاگریان کردبوو، یەکێک لەو ناوچانەى کە بەشێوەیەکی چالاک پشتگیریان لە شۆڕشەکە کردبوو، دانیشتوانی دۆڵی زیلانی سەر بە ناوچەی ئەرجیشی وان بوو، هەربۆیە سوپای تورکیا، دەستی بە کوشتنی خەڵکی ناوچەکە و سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان کرد.
پاش 93 ساڵ، تورکیا رێگە نادات روفاتەکان دەربهێنرێن
سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورکیا (رۆژنامەی حوریەت – رۆژنامەی جومهوریەت) دانیان بە کوشتنی 15 هەزار کەس لە دۆڵی زیلاندا ناوە، بەڵام نووسەری کورد حەسەن (هۆشیار سەردی) کە خۆی شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە بووە و ئێستا لە ژیاندا نەماوە، دەڵێت، “لە هێرشەکاندا 180 گوند سوتێنران و 47 هەزار کەسى بێتاوان لە ژن و منداڵ و پیر کۆمەڵکوژکراون کە سەر بە هۆزەکانی حهسنا، زیلان، سبکان، ئەدمان بوون.
ئێستاش کە 93 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی زیلاندا تێدەپەڕێت، دەوڵەتی تورکیا رێگە نادات، روفاتی ئەو کەسانە دەربهێنرێن کە لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە لەو رووداوەدا کوژراون و خراونەتە نێو گۆڕى بەکۆمەڵەوە.