زووم، ئاژانسەکان:
نوێترین توێژینەوەى زانستى پشتڕاستى دەکاتەوە ئەو کەسانەی ئاو زۆر دەخۆنەوە کەمتر تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبن و دەبێتەهۆی درێژبوونى تەمەنیان.
ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکى پەیمانگەی نیشتمانی تەندروستی (NIH) کە دەزگایەکی توێژینەوەی پزیشکییە لە ئەمریکا، رۆژى دووشەممە لە گۆڤاری eBioMedicine بڵاوکرایەوە، رۆژنامەى دەیلى تەلەگرافى بەریتانیش راپۆرتێکى لەبارەى ئەنجامەکانى توێژینەوەکە بڵاوکردووەتەوە.
نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت: “ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە ئاوخواردنەوەی زۆر پیربوون خاو دەکاتەوە
ناتالیا دیمیتریڤا، نووسەری توێژینەوەکە و توێژەر لە تاقیگەی پزیشکی دووبارە دروستکردنەوەی دڵ و خوێنبەرەکان لە پەیمانگای نیشتمانی دڵ و سییەکان و خوێن (NHLBI) کە بەشێکە لە NIH، رایگەیاند: “ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە ئاوخواردنەوەی زۆر پیربوون خاو دەکاتەوە و تەمەنی بێ نەخۆشی درێژ دەکاتەوە.”
زانیارییە تەندروستییەکانى توێژینەوەکە لە 11 هەزار و 255 کەسی پێگەیشتوو لە ماوەی 30 ساڵدا کۆکراوەتەوە، تێیدا پەیوەندی نێوان ئاستی سۆدیۆم و تەندروستی مرۆڤ شیکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەگەر جەستە رێژەیەکى کەم شلە وەربگرێت ئەوا رێژەى سۆدیۆم لە جەستەدا بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە زۆربوونی شلە لە جەستەدا، رێژەکەی کەم دەبێتەوە.
هەروەها دەرکەوتووە، ئەو کەسە پێگەیشتووانەی کە ئاستی سۆدیۆمیان لە مەودای ئاسایی (normal range) دایە، ئەگەری تووشبوونییان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاترە و نیشانەکانی پیربوونیان زیاتر تێدا دەردەکەوێت بە بەراورد بەوانەی کە ئاستی سۆدیۆمیان لە مەودای مامناوەنددایە
توێژینەوەکە دەریدەخات ئەو پێگەیشتووانەی ئاستی سۆدیۆمیان بەرزترە، ئەگەری مردنیان زیاترە لە تەمەنی گەنجیدا
ئەنجامێکى دیکەى توێژینەوەکە دەریدەخات ئەو پێگەیشتووانەی ئاستی سۆدیۆمیان بەرزترە، ئەگەری مردنیان زیاترە لە تەمەنی گەنجیدا.
هەرچەندە توێژینەوەکە باسی لەوە نەکردووە کە دەبێت چەند ئاو بخورێتەوە، بەڵام دامەزراوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەریتانیا دەڵێت دەبێت رۆژانە شەش بۆ هەشت جار مرۆڤ شلە بخواتەوە کە ئاو، شیری کەم چەوری، چا و قاوە دەگرێتەوە.
ئەمە یەکەم توێژینەوە نییە کە هۆشدارى دەدات لە بەرزى رێژەى سۆدیۆم لە جەستەدا کە هۆکارەکەى کەم ئاو خواردنەوە و شلەیە، مانگی ئازارى ساڵى رابردووش زاناکان توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە کە پەیوەندی نێوان بەرزبوونەوەی ئاستی سۆدیۆم و زیادبوونی مەترسی سستبوونی دڵیان دۆزییەوە.
لە توێژینەوەکەدا، توێژەرەکان ئەو زانیارییانەیان هەڵسەنگاند کە لە ماوەی پێنج سەردانی پزیشکی بەشداربوواندا کۆیانکردووەتەوە، دوو سەردانی یەکەمیان لە تەمەنی 50 ساڵیدا بوون و دوا سەردانەکانیشیان کاتێک بووە کە تەمەنیان لە نێوان 70 بۆ 90 ساڵیدا بووە.
ئەو کەسانەی ئاستی سۆدیۆمیان بەرزترە، ئەگەری زیاترە نیشانەکانی خێراتربوونی پیری بایۆلۆجییان تێدا دەربکەوێت
لە دوای دەرکردنی هۆکارەکانی دیکەی وەکو فشاری خوێن، تەمەن، جگەرەکێشان، قەڵەوی و رەگەز، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی ئاستی سۆدیۆمیان بەرزترە، ئەگەری ئەوە زیاترە نیشانەکانی خێراتربوونی پیری بایۆلۆجییان تێدا دەربکەوێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەنجامەکان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی وەکو تەندروستی میتابۆلیزم و دڵ، خوێنبەرەکان، کارکردنی سییەکان و هەوکردن بووە.
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، توێژەران رایانگەیاندووە: “بەو پێیەی کەمبوونەوەی ئاوی جەستە باوترین هۆکارە بۆ زیادبوونی چڕی سۆدیۆم، ئەم ئەنجامانە پێشنیازی ئەوە دەکەن کە بۆ ئەو کەسانەی کە سۆدیۆمیان لە 142 میلیمۆل/لیتر زیاترە، بەردەوام پاراستنی ئاوی پێویست لە لەشدا پرۆسەی پیربوون خاو دەکاتەوە.”
ئاوخواردنەوەی گونجاو دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو توانای درێژکردنەوەی تەمەنی بێ نەخۆشی هەبێت
ئاماژەیان بەوەشداوە: “ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەمان پشتگیری لەو گریمانەیە دەکەن کە ئاوخواردنەوەی گونجاو دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو توانای درێژکردنەوەی تەمەنی بێ نەخۆشی هەبێت.”
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە توێژینەوەیەکی جیاواز دەرکەوتووە کە رەنگە هەندێک کەس پێویستیان بە خواردنەوەی شەش لیتر ئاو لە رۆژێکدا هەبێت بۆ ئەوەی تەندروست و شێدار بمێننەوە.