زووم، ئاژنسەکان:
ئەمریکا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات خۆیان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ “رژێمی” بەشار ئەسەد بە دوور بگرن، ئەوەش دواى ئەوەى بەمدواییانە نزیکبوونەوە لە نێوان تورکیا و سوریا بە نێوەندگیریی روسیا هاتووەتە ئاراوە.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانى گوت: “ئێمە پشتیوانی لەو وڵاتانە ناکەین کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی دەکەنەوە، یان پشتیوانی خۆیان بۆ بەشار ئەسەدى دیکتاتۆری دڕندە دەردەبڕن”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: رژێمی ئەسەد رێگری دەکات لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی
پرایس داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بە وردی لێکۆڵینەوە لە تۆمارەکانی مافی مرۆڤی “ترسناکى رژێمی” بەشار ئەسەد بکەن لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، لە کاتێکدا رژێمی ئەسەد بەردەوامە لە ئەنجامدانی دڕندەیی دژی گەلی سوریا و رێگری دەکات لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریا.
28ى مانگى رابردوو رووسیا و تورکیا و سووریا کۆبوونەوە
ئەم گوتانەى گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاش ئەوە دێت، 28ى مانگى رابردوو کۆبوونەوەیەک لە مۆسکۆ وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکی هەواڵگری روسیا و تورکیا و رژێمی سوریای کۆکردەوە، ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی بوو لەسەر ئاستی وەزاری لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە پاش سەرهەڵدانی “شۆڕشی سوریا” لە ساڵی 2011.
ئۆپۆزسیۆن بێ هیوا ناکەین
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا: کۆبوونەوەکەی ئەمدواییەی مۆسکۆ کۆبوونەوەی دیکەش بەدوای خۆییدا دەهێنێت
لە لایەکی دیکەوە، ئیبراهیم کالین، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمدواییەی مۆسکۆ یەکەمین کۆبوونەوە بووە و کۆبوونەوەی دیکەش بەدوای خۆییدا دەهێنێت، رونیشیکردەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی درێژەدان دەبێت بە رێگای دەستووریی و دانوستانە سیاسییەکان لە ژێر رۆشنایی بڕیارەکانى نەتەوەیەکگرتووەکاندا.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا نیگەرانییە سەرەکییەکانی تورکیا سەبارەت بە سوریا بەردەوامی جەنگ و هەڕەشەی “تیرۆریستان” و قەیرانی مرۆییە. هەروەها تورکیا بە پەرۆشە بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخشانە و شکۆمەندانەی پەنابەرانی سوریا لە چوارچێوەی پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا.
ئیبراهیم کالین دەشڵێت: ئەنجامە ئەرێنییەکان پەیوەندی بەو هەنگاوانەوە هەیە کە رژێمی سوریا دەیگرێتەبەر، ئەگەر سوریا وەڵامی “نیەتپاکی”ی تورکیا بداتەوە، دەکرێت هەنگاوەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سوریا لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ مۆسکۆدا جێبەجێ بکرێت.
چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توورکیا رۆژی سێشەممە چاوی بەسەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کەوتووە
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جەختى لە بەردەوامى پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردەوە و رایگەیاند: مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توورکیا رۆژی سێشەممە چاوی بەسەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کەوتووە تاوەکو دووبارە دڵنیایان بکاتەوە لە پشتیوانیانەکان.
دوێنی سێشەممە، چاوشئۆغلۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ سالم موسلات سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا بە ئامادەبوونی بەدر جەمووس سەرۆکی کۆمیسیۆنی دانوستانی سوریا و عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا کۆبووەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا: تورکیا هاوپەیمانێکى بەهێزى شۆڕش و لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریایە
میدیاى ئۆپۆزسیۆنى سورى بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سالم موسلات گوتویەتى: “تورکیا هاوپەیمانێکى بەهێزى شۆڕش و لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریایە، پشتیوانێکى گەورەیە لە خەونى سورییەکان بۆ بەدیهێنانى ئازادى و شکۆمەندى و دیموکراسى”.
راشیگەیاندووە، “هێزەکانى شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنى سوریا بە پەرۆشن بۆ چالاککردنى پرۆسەى سیاسیی، کە هەمیشە داواکارى ئەوانیش بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازار و نەهامەتییەکانى گەلى سوریا، بە جۆرێک کە گواستنەوەیەکى سیاسى تەواوەتى رووبدات و قۆناغى نوێ لە سوریا بهێنێتە ئاراوە لەسەر بنەماى دادپەروەریی و یەکسانى، هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی بۆ سوریا و وڵاتانى ناوچەکە بگێڕێتەوە”.
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا جەختیکردەوە کە رژێمى ئەسەد “بەرپرسیارێتى تەواوى” لە ئەستۆدایە لەوەى لە سوریا روویداوە و روودەدات، سوربوونى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنیشى بە داواکارى گەلى سوریا و بنەماکانى شۆڕشى سوریا دووپاتکردەوە.