ناکۆکى نێو کۆمارییەکانى ئەمریکا، لە یەکەم رۆژى دواى سوێندخواردنى ئەندامە نوێیەکان لە ئەنجومەنى نوێنەراندا رەنگیدایەوە، دواى سێ خولى دەنگدان ئەوان شکستیانهێنا لە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجومەنەکە، کە لە هەڵبژاردنى نیوەخولدا کۆنترۆڵی ئەنجومەنەکەیان گرتەوەدەست.
هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بەڕێوەدەچێتەوە
دانیشتنەکە راگیرا و بڕیارە نیوەڕۆى ئەمڕۆ بەکاتى واشتنن، 4ى کانوونى دووەمى 2023 جارێکى دیکە ئەنجومەنەکە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێ کۆببێتەوە و هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران پێویستنى بە 218 دەنگە، بەڵام کیڤن مەکارتی، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنەکە 203 دەنگى بەدەستهێنا.
20 ئەندامەکەى دیکەى کۆمارییەکان دەنگیاندا بە جیم جۆردن، نوێنەری ویلایەتی ئۆهایۆ، لەکاتێکدا ئەو خۆی دەنگی بە مەکارتی داوە.
ئەنجومەنى نوێنەران لە 435 کورسی پێکدێت، کۆمارییەکان 222 کورسیان هەیە و دیموکراتەکان 212 کورسی. هەر پارتێک 2018 کورسی بەدەستبهێنێت کۆنترۆڵى ئەنجومەنەکە وەردەگرێت.
بەڵام ئەنجومەنى پیران هەر لەژێر کۆنترۆڵى دیموکراتەکاندایە. ئەنجومەنى پیران، لە 100 کورسی پێکدێت، دیموکراتەکان لەگەڵ دوو کورسی سەربەخۆکان 51 کورسیان بەدەستهێناوەتەوە و زۆرینەن.
پێشتر دەرکردنى بڕیار و یاساکان بۆ بایدن ئاسان بوو، هەردوو پارتەکەى لە هەردوو ئەنجومەنەکە زۆرینەبوو، بەڵام چیدی بەوشێوەیە نییە و دەبێت مامەڵە لەگەڵ کۆمارییەکانى رکابەریدا بکات.
بەڵام کۆمارییەکان خۆشیان ئێستا بە قۆناغێکى ناکۆکیدان، بەتایبەتى ئەمە لە هەڵبژاردنى نیوەخولى ئەمریکا رەنگیدایەوە، کە لە رۆژى 8ى نۆڤەمبەرى 2022 بەڕێوەچوو، زۆرینەى ئەوانەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشوى ئەمریکا پشتگیریان دەکات شکستیانهێا، لەکاتێکدا ترەمپ بۆى بۆ خولى داهاتووى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا کاندید دەکاتەوە.
رۆن سانتیس وەک سەرکردەیەکى بەهێزى کۆمارییەکان دەرکەوتووە
رۆن سانتیس، لە هەڵبژاردنى نیوەخولدا ئەستێرەى بەختى زیاتر کرایەوە و بەجیاوازییەکى زۆر ویلایەتى فلۆریدا بۆ خولێکى دیکە بردەوە. لەمەوە وەک سەرکردەیەکی “بەهێز”ـی کۆمارییەکان دەرکەوت.