هێشتا لە وەرزى هاوینداین و گەرما بەردەوامە، کەچى خەمى زستان و دابینکردنى نەوتى سپى، هاوڵاتیانى سەرقاڵکردووە، نرخەکەشى لە بازاڕى رەش فڕیوە و یەک بەرمیل لە 135 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 270 هەزار دینار، واتە بەراورد بە ساڵى رابردوو، بە رێژەى 100% بەرزبووەتەوە.
بەگوتەى بازرگانان و فرۆشیارانى نەوت کە بۆ زووم قسەیان کردووە، ئەگەر حکومەت نەوت دابەشنەکات، پێدەچێت ئەو نرخە لەوەش زیاتر بەرزببێتەوە و بگاتە 350 هەزار دینار.
رەنگە لە حاڵەتێکی لەو شێوەیەدا حکومەت نەتوانێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵبکات، ئەکو دلێر زەینەدین لێپرسراوی هۆبەی بەرهەمە نەوتییەکان لە، بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەوت و کانزاکانى سلێمانی دەڵێت “ئەوە بازاڕی ئازادە”.
بەڵام وەزارەتى سامانە سروشتییەکان وەکو خۆیان دەڵێن پلانیان هەیە و بەنیازن هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتى بەسەردا دابەش بکەن.
کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان لەسەر بابەتى نەوتى سپى و غازى ماڵان، ئەمرۆ سێشەممە چووە پەرلەمانى کوردستان و لەگەڵ لیژنەى تایبەتمەند کۆبووەوە.
وەزیرى سامانە سروشتییەکان دواى تەواوبوونى کۆبوونەوەکان بە رۆژنامەنووسانى گوت: لە قۆناغى یەکەمدا 70 ملیار دیناریان بۆ دابینکردنى نەوتى سپى تەرخانکردووە و هەرێمى کوردستانیش بەسەر سێ ناوچەدا دابەشکراوە: شاخاویی، دەروبەر و سەنتەرى شار، راشیگەیاند قۆناغى یەکەمى دابەشکردنى نەوت، لە ناوچەکانى دەوروبەرەوە دەستپێدەکات و لەم قۆناغەدا 320 هەزار خێزان سودمەند دەبن.
وەزیرى سامانە سروشتییەکان گوتیشى تائێستا نەوتەکەیان نەکڕیوە، بۆیە نازانن نرخى یەک بەرمیل بە چەند دەبێت، بەڵام بڕیارە لە هەفتەى داهاتووەوە دەستبکەن بەکڕینى و ئەوکاتەش دەردەکەوێت نرخى یەک بەرمیل بە چەند دەبێت، لەکاتێکدا ساڵى رابردوو بە 50 هەزار دیناربوو.
لە هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 200 هەزار خێزان هەن، بەوپێیەش ئەگەر ساڵانە تەنها یەک بەرمیل نەوت بە هاوڵاتیان بدرێت، ئەوا دەبێت 240 ملیۆن لیتر نەوتى سپى دابەش بکرێت.