زووم:
دەستەی دەستپاکیی عێراق، دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا بڕی 80 ملیۆن دۆلار لە پارە دزراوەکانی عێراق دەگەڕێنرێتەوە، کە پێشتر بە قاچاخ براوەتە ئەمریکا، ئەمڕۆش یەکێک لە تۆمەتبارانی “دزیی سەدە” بڕی چوار ملیار دیناری گێڕاوەتەوە.
لە ناوەڕاستى مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى رابردوو، دیارنەمانی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3.7 ترلیۆن دینار) لە بانکی رافیدەین وەکو بۆمبێکی گەورە تەقییەوە کە دواتر بە “دزیی سەدە” ناوی دەرکرد.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووى نەوتی عێراق،دزینى” پارەکەى ئاشکراکرد
— Ihsan A. Ismaael إحسان عبد الجبار (@IhsanIsmaael) October 15, 2022
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووى نەوتی عێراق، رۆژی 15ى تشرینى یەکەمى 2022 “دزینى” پارەکەى ئاشکراکرد، ئەو گوتى: “ئەو کاتەى بە وەکالەت وەزیرى دارایی بوو، لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەرکەوت 3.7 ترلیۆن دینارى عێراقیی، کە پارەى سپاردەى باج بووە لە بانکى رافیدەین، دیارنەماوە.
15ى تشرینى یەکەمى 2022، وەزارەتى دارایی عێراق دەستى بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کرد و رایگەیاند، راکێشانی پارەکە بە چەند مانگێک بووە، لە 9ی ئەیلولى 2021 تا 11ی ئابی 2022ى خایاندووە، ئاماژەى بەوەشدابوو کە چەکەکان دراون بە پێنج کۆمپانیا.
کۆمپانیاکان و تۆمەتبارانى دۆسیەکە
24ى تشرینى یەکەمى 2022، دادگای لێکۆڵینەوەی دووی کەرخ، لە رێگەی دوو نوسراوەوە بۆ (وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق) زانیاری تەواوی لەسەر تۆمەتبارەکانى دۆسییەکە ئاشکراکرد کە فەرمانى دەستگیرکردن و قەدەغەی گەشتکردنى بۆ دەرکردن.
بەگوێرەى نوسراوەکانى دادگاى کەرخ، تۆمەتبارەکان بریتى بوون لە:
* نور زوهێر جاسم موزەفەر، لەدایکبووی ساڵی 1980 و دانیشتووی عەباسیەى سەربە نەجەف بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “موبدیعون” بۆ خزمەتگوزاری نەوتی سنوردار، شەوى 24ى تشرینى کەمى ساڵى رابردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستگیرکردنى ناوبراوى راگەیاند، بەڵام لە 28 تشرینى دووەم بە کەفالەت ئازادکرا تا بابەتە داراییەکانى یەکلابکاتەوە.
* حسێن کاوە عەبدولقادر عەبدولعەزیز برێفکانی، لەدایکبووی ساڵی 2001 و دانیشتووی هەولێر کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاى “ریاح بەغداد” بۆ بازرگانی گشتی سنوردار.
* محەمەد فەلاح عەبدوڵا جەنابی، لەدایکبووی ساڵی 1991 دانیشتووی بەسرە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “قانت” بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی سنوردار.
* عەبدولمەهدی تۆفیق مەهدی، ناونیشان و ساڵی لەدایکبوونی دیار نییە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەردوو کۆمپانیای “حوت ادحب” و “بادیە المساء” بۆ بازرگانی گشتی سنوردار.
گەڕاندنەوەى پارەکانى “دزى سەدە”
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق گێڕانەوەی بڕی 182 ملیار دیناری راگەیاند
27ی تشرینی دووەمی 2022، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا گێڕانەوەی بڕی 182 ملیار دیناری راگەیاند و پارەکانیشی لە تەنیشت خۆیەوە دانابوو.
11ى کانوونى یەکەمى 2022، نوسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا گێڕانەوەى وەجبەى دووەمى پارە دزراوەکانى راگەیاند و ئاماژەى بەوەکرد کە بڕەکەى زیاتر لە 134 ملیار دینار بووە، بەوەش تێکڕای پارە گەڕێندراوەکان گەیشتە زیاتر لە 317 ملیار دینار.