زووم:
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمى کوردستان بە زوومی راگەیاند، لە سبەی چوارشەمەوە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەشڵێت، سەرەتای شەپۆلەکە لە پارێزگاکانى سلێمانی و هەڵەبجەوە دەستپێدەکات، کاریگەری شەپۆلەكە بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبیت و لە هەندێک شوێنیش بارانی بەلیزمە دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر هەرێمی کوردستان 24 بۆ 48 کاتژمێر دەبێت
راشیگەیاندووە، کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر هەرێمی کوردستان 24 بۆ 48 کاتژمێر دەبێت و کەشێکی سارد دروست دەبێت، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
“دەتوانین بڵێین سەرمایەک روو لە هەرێمی کوردستان دەکات بەڵام بەو شێوەیە نییە کە هەندێک میدیا باسی لێوەدەکەن و ترس و دڵەراوکێ لای هاوڵاتیان دروستدەکەن” وەکو گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن باسى دەکات.
ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باران زیاتر بارییوە
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزانی هەرێمى کوردستان، ئەمساڵ بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، لە تەواوی هەرێمى کوردستان بارانی زیاتر باریوە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو، بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان و بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەگەری وشکەساڵی لە 2023 ئەگەرێکی لاوازە، چونکە ئەستەمە سێ ساڵی لەسەر یەک وشکەساڵی بێت.