زووم، ئاژانسەکان:
زیاتر لە 12 وڵاتى گەورەی جیهان جارێکی دیکە رێکاری توند دەگرنەوەبەر بەرامبەر گەشتیارانی چینی، ئەمەش بەهۆى سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکە لەو وڵاتەدا.
لە دوای ساڵی 2020 و سەرەتاکانی سەرهەڵدانی کۆرۆناوە، جارێکی دیکە چین دەبێتەوە بە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی جیهان، پاش ئەمریکا، یابان، بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکە، ئوسترالیا بووە دوانزەیەمین وڵاتی جیهان کە رێوشوێن بەرامبەر گەشتیارانی چینی بگرێتەبەر.
وەزیری تەندروستیی ئوسترالیا دەڵێت، پەکین ئامادەنییە زانیاریی تەواو لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بدات، بۆیە ناچارین رێوشوێن بەرامبەر هەر کەسێک بگرینەبەر، کە لە چینەوە دێتە وڵاتەکەمانەوە.
هاوکات پسپۆڕانی ڤایرۆسناسی لە ئەوروپا دەڵێن “چین جێگای متمانە نییە و خۆتان بپارێزن”.
لە تازەترین پێشهاتیشدا، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەڵێت “هەموومان تووشی دڵەڕاوکێ و ترس بووین، رۆژانە خەڵکێکی زۆر لە چین تووشی ڤایرۆسەکە دەبن”.
تیدرۆس ئەدناهۆم سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهان، هیوادارە چین شەفاف و راستگۆ بێت لە پێدانی زانیاری لە بارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیاندا “بەوپێیەی حاڵەتی کوشندە تۆمارکراوە”.
ئەمریکا لەبارەی مەترسییەکانی کۆرۆناوە بێدەنگ نییە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە داوا لە چین دەکات بەشدار بێت لە پێدانی زانیارییەکان لە بارەی هەر گۆڕاوێکی تازەکەی ڤایرۆسەکەوە.
بەشێک لە پسپۆڕانی ڤایرۆسناسی، پێشبینیدەکەن، ڤایرۆسێکی گۆڕاو لە چین بڵاوبووبێتەوە، کە سێ شەپۆلی توندی دوابەدوای یەکی هەبێت “ئێستا شەپۆلی یەکەم لە چین دەستیپێکردووە، حاڵەتی مردنی خێرای تێدایە”.