زووم، ئاژنسەکان:
کۆمارییەکان بەتەواوی کۆنترۆڵى ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکەن، دواى ئەوەى لە هەڵبژاردن نیوەخولدا زۆرینەیان بەدەستهێنا. پەیامى پێش دەستبەکاربوونیان بەرەنگاربونەوەی جۆ بایدنی سەرۆکى وڵاتەکەیە.
کاتژمێر 8ی ئەمشەو بە کاتی هەرێمی کوردستان، ئەندامە نوێکانی کۆنگرێس یەکەم کۆبونەوە ئەنجامدەدەن، کە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی تشرینی دووەمی 2022 سەرکەوتوو بوون، ئەندامەکان سوێندی یاسایی دەخۆن، کە ماوەکەیان دوو ساڵ دەبێت.
دیموکراتەکان کۆنترۆڵى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پیرانیانیان کردبوو
دیموکراتەکان تاوەکو پێش هەڵبژادنى نیوەخول کۆنترۆڵى هەردوو ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پیرانیان لابوو، بەڵام ئێستا بەسەر هەردوو پارتەکەدا دابەشبووە.
ئەنجومەنى نوێنەران لە 435 ئەندام پێکدێت، کۆمارییەکان بە بەدەستهێنانى 222 کورسی بوون بە زۆرینە، لەبەرامبەردا دیموکراتەکان 213 کورسیان هەیە.
ئەنجومەنى پیران، لە 100 کورسی پێکدێت
ئەنجومەنى پیران، لە 100 کورسی پێکدێت، دیموکراتەکان لەگەڵ دوو کورسی سەربەخۆکان 51 کورسیان بەدەستهێناوەتەوە و زۆرینەن.
پێشتر دەرکردنى بڕیار و یاساکان بۆ بایدن ئاسان بوو، هەردوو پارتەکەى لە هەردوو ئەنجومەنەکە زۆرینەبوو، بەڵام چیدی بەوشێوەیە نییە و دەبێت مامەڵە لەگەڵ کۆمارییەکانى رکابەریدا بکات.
ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی کۆمارییەکان دەڵێن، ئەمریکییەکان ئامادەن بۆ گۆڕانکاری دوای دوو ساڵی “کارەساتبار” لەژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکاندا.
کۆماریەکان بەڵێنیان داوە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە دەستپێبکەن لەگەڵ ئیدارەی بایدن، پەیوەست بە پەتا و کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان.
دابەشبوونێکی توند لەنێو کۆماریەکان هەیە
دابەشبوونێکی توند لەنێو ریزەکانی پارتی کۆماریەکان هەیە، کە بەربەست دروستدەکات بۆ یەکلاکردنەوە و هەڵبژاردنی سەرکردەیەک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستە ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە پێش چونە ناو بەرەنگاری لەگەڵ بایدن.
هەر ئەمرۆ دەبێت دەنگ بدرێت بۆ دیاریکردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە سێیەم گرنگترین کەسایەتیە لە ئەمریکا، دوای سەرۆکی وڵات و جێگرەکەی.