جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا تاوتوێی مەشقی ئەتۆمی هاوبەش لەگەڵ کۆریای باشور ناکات، ئەمەش پێچەوانەی گوتەکانی یون سوک یول، سەرۆکی کۆریای باشورە، کە باسی مەشقەکەى کردووە.
بایدین دواى پشویەک لە دوورگەکانی ڤێرجینیای ئەمریکا گەڕایەوە و لەگەڵ جیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی دەرکەوت، لە وەڵامێکی پرسیاری رۆژنامەنووسان، کە ئایا تاوتوێی مەشقی ئەتۆمی هاوبەشدەکەن لەگەڵ کۆریاى باشور، گوتی “نەخێڕ”.
تاوتوێی مەشقی ئەتۆمی هاوبەش لەگەڵ کۆریای باشور ناکەین
ئەم نەخێرەى بایدن، لەکاتێکدایە رۆژى دوشەممە سەرۆکى کۆریای باشور رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەنجامدانی مەشقی ئەتۆمی هاوبەش.
کۆریای باکور لە ساڵى رابردوودا ریکۆردى لە تەقاندنى موشەکى بالیستیکى تۆمارکرد، لە یەکەم رۆژى ساڵی نێوشدا سێ موشەکى دیکەى ئاراستەى ئاوەکانى نێوان ژاپۆن و کۆریا کرد.
سەرۆکى کۆریاى باشور لە چاوپێکەوتنێکدا باسی خۆئامادەکردنى بۆ جەنگ بە توانایەکی زۆرەوە کرد و رایگەیاند، چەکی ئەتۆمی هی ئەمریکایە، بەڵام پلاندانان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و مەشقی سەربازی و مەشق و راهێنانی ئەتۆمی لە لایەن ئەمریکا و کۆریای باشورەوە دەبێت هاوبەش بێت.
چەکی ئەتۆمی هی ئەمریکایە، بەڵام مەشق و راهێنانی ئەتۆمی دەبێت هاوبەش بێت
ئەو گوتى، ئامانج لە پلاندانان و راهێنانە هاوبەشەکان بەرپەرچدانەوەی فراوانی ئەمریکایە، واشنتۆن پێشوازی لە بیرۆکەکە کردووە.
مەبەست لە زاراوەی “بەرپەرچدانەوەی فراوان” توانای سوپای ئەمریکا و هێزە ئەتۆمیەکەیەتی، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، کە روبەڕوی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەبێتەوە.
رۆژى یەکشەممە کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور فەرمانی کرد بۆ پەرەپێدانی موشەکی بالیستکی کیشوەر بڕ و بەهێزکردنی ژێرخانی ئەتۆمی وڵاتەکەی.
بەگوێرەى ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور کیم جونگ ئون، بەڵێنی داوە، موشەکی بالیستی پەرەپێبدات، کە ئەرکی سەرەکی بەرپەرچدانەوەی خێرای هێرشی ئەتۆمییە، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی توانای ئەتۆمی وڵاتەکەدا.
کۆریای باشور “دوژمنی یەکلاکراوە”یە
کیم ئاماژەی بەوەشداوە، کۆریای باشور هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی چەکی مەترسیدار و تێوەگلاوە لە هەنگاوی سەربازیی “دوژمنکارانە” بۆیە بووە بە “دوژمنی یەکلاکراوە”.