20 ملیۆن زیارەتکار گەیشتوونەتە کەربەلا و پێدەچێت ژمارەکە زیاتریش بێت، بەمەیش “چلەى ماتەمینى” دەبێتە گەورەترین گردبوونەوەى ئایینى لە جیهاندا و ژمارەى زیارەتکارەکانى چەندین هێندە زیاترە لە بۆنەیەکى دیکەى موسڵمانان، کە ئەویش “حەج”ە و ئەمساڵ نزیکەى یەک ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کرد.
“چلەى ماتەمینى” ئەمساڵ، جیاواز لە دوو ساڵى رابردوو بەڕێوەدەچێت
ساڵانى 2020 و 2021 بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە، رێوڕەسمەکان سنوردارکرابوون و تەنها هاوڵاتیانى ناوخۆى عێراق بۆیان هەبوو بەشدارى تێدا بکەن، بەڵام ئەمساڵ ئەو مەرجە هەڵگیراوە.
باوەڕدارانى شیعە لە ئێران و چەندین وڵاتى دیکەى عەرەبى و ئاسیایی و ئەفریقایی و تەنانەت ئەورویش، روویان لە “کەربەلا” کردووە، ئەو شارەى کە پیرۆزییەکى زۆرى بەلای شیعەکانەوە هەیە و گۆڕ و مەزارگەى “ئیمام حسێن”ى لێیە.
نەسیف خەتابی پارێزگاری کەربەلا ئاشرایکرد، زیاتر لە سێ ملیۆن زیارەتکار لە دەرەوەی عێراقەوە گەیشتوونەتە کەربەلا، جگە لە ملیۆنان زیارەتکارى ناوخۆیی کە پێشبینی دەكرێت بەگشتى ژمارەی زیارەتکاران بگاتە 20 ملیۆن کەس.
لەو سێ ملیۆن زیارەتکارەى لە دەرەوەى عێراقەوە روویان لە کەربەلا کردووە
زیارەتکارانى ئێرانی بە پلەى یەکەم دێن، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 650 هەزار زیارەتکار هاتوونەتە عێراق و زۆرینەیان لە رێگەى وشکانییەوە گەیشتوون.
“چلەى ماتەمینى ئیمام حسێن” بە گەورەترین گردبوونەوەى ئاینی لە جیهاندا دادەنرێت، تەنانەت بە گەورەتر لە رێوڕسمى “کومبە مێلاى” هیندۆسەکانیش هەژمار دەکرێت، چونکە ئەو لە سێ ساڵدا تەنها یەک جار بەڕێوەدەچێت.
بەهەمانشێوە سفرەى “چلەى ماتەمینى”، ژمارەى پێوانەیی شکاندووە و بە درێژترین سفرەى خواردن لە جیهاندا تۆمارکراوە، بەوپێیەى بە درێژایی ماوەى رێوڕسمەکان زیاتر لە 200 ملیۆن “بەش” خواردن بەسەر زیارەتکاراندا دابەشدەکرێت.
سەبارەت بە چلەى ماتەمینى ئەمساڵ کە قەرەباڵغترین رێوڕەسم دەبێت بەراورد بە چەند ساڵى رابردوو، هەموو دامودەزگاکان و تواناکانى حکومەتى عێراق خراوەتەگەڕ بۆ رێکخستنى کاروبارەکان.
بەگوتەى ئەحمەد عەلی زەینی فەرماندەی پۆلیسی کەربەلا، زیاتر لە 14 هەزار کاروانی ناوخۆیی و 500 کاروانی بیانی بۆ خزمەتکردنی زیارەتکاران دانراون.
کۆمەڵەى هۆتێل و چێشتخانەکانى کەربەلاش رایگەیاند، هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانى شارەکە، کە زیاتر لە 1000 شوێن دەبن، سەرجەمیان پڕبوون لە زیارەتکار.
20ى مانگى سەفەر کە ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ 16ى ئەیلول، یادى چلەى “کوژانى ئیمام حێسن”ە، کە 10ى موحەڕەمى ساڵى 61ى کۆچى، لە جەنگى کەربەلادا لەگەڵ 72 کەس لە بنەماڵە و هاوەڵەکانى کوژران.
ئەو رووداوە رەورەوى مێژووى موسڵمانانى گۆڕى و بۆ هەتاهەتایە ئاینى ئیسلامى بەسەر شونێکەوتووانى سوننە و شیعەدا دابەشکرد.