سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆک پێشووی هەدەپە دەڵێت، دەسەڵاتی تورکیا بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا ئامادەیە دەست بۆ هەموو کردەوەیەک ببات “ئێمەش چاوەڕوانین پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن بتوانن پێکەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و سەرکەوتن پێشکەشی گەل بکەن”.
دەمیرتاش، کە لە زیندانی جۆری (تی) شاری ئەدرنە زیندانیکراوە، گوتارێکی لە کەناڵی (تی24) بە ناونیشانی “ساڵی نوێ و گۆڕانکاریەکی گەورە” بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا داوە، کە رۆژەڤی گەرمی میدیا، پارتە سیاسیەکان و خەڵکی تورکیایە.
دەمیرتاش، لە زیندانی جۆری (تی) شاری ئەدرنە زیندانیکراوە
دەمیرتاش لەوبڕوایەدایە چاوی گەل لە دەستی ئۆپۆزسیۆنە، چەمکی گۆڕانکاری هەم هیوا و هەم ترس دروستدەکات. ئەو کەسانەی لەم دۆخە بێزارن، بە جۆش و خڕۆشەوە چاوەڕێی گۆڕانکاری دەکەن و ئەوانەی سوودمەندن لە دۆخی ئێستا، ترسیان لە گۆڕانکاری هەیە.
“2023 گەورەترین ساڵی گۆڕانکاری تورکیا دەبێت” دەمیرتاش دەڵێت، وێنەکە زۆر روون و ئاشکرایە یان کۆماری تورکیا تاجی دیموکراسی لەسەر دادەنێت و بەردەوام دەبێت لەسەر رێگەی خۆی یان “رژێمی” تاکەکەسی پەرەدەستێنێت بۆ جۆرێک دەبێتە پاشایەتی و شانشینی.
کێبڕکێی هەڵبژاردن لە دۆخێکی یەکساندا بەڕیوەناچێت
بڕیارە لە حوزەیرانى ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانى تورکیا ئەنجامبدرێت، دەمیرتاش دەڵێت، بەمزوانە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، کاندیدەکان دەڕژێنە نێو گۆڕەپانەکان و رکابەرایەتییەکە گەرم دەبێت. کێبڕکێی هەڵبژاردن لە دۆخێکی یەکساندا بەڕیوەناچێت، دەسەڵات “یاری قێزەون و رێگەی ترسناکی بەو شێوەیە جێبەجێ دەکات، کە ئێمە بیریشی لێناکەینەوە، قەیومی نوێ، دەستگیرکردنی نوێ، داخستنی هەدەپە، توندوتیژی، فشار لەسەر میدیا، ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆ سەر سوریا، دادگاییکردنی ئێمە لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا، ساختەکاری لە سندوقەکانی دەنگداندا لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێن، هەموو شتێک دەکەن.”
دەمیرتاش دەڵێت، دەسەڵات هەموو شتێک دەکات بۆئەوەی “دەسەڵاتە تاوانبارەکەی لە دەست نەدات. بێگومان من نامەوێت رەشبینی بڵاوبکەمەوە، بەڵام دەبێت راستیەکان ببینین، ئەوان رێگەمان پێنادەن پرۆسەی هەڵبژاردن بەباشی بەڕێوەببەین.
دەمیرتاش پەندێکى پێشینان بەنمونە دەهێنێتەوە، کە دەڵێت “ماسییەکی مردوو بە لایەکدا دەڕوات” وەک دەمیرتاش دەڵێت “دەسەڵاتیش لە تاوانەکانی ناگەڕێتەوە و بەردەوام دەبێت لەسەر تاوانەکانی. بۆ ئەوەی ژیانی سەد ساڵی دیکە بکڕنەوە، هەوڵ دەدەن پارە بڵاوبکەنەوە. گیرفانی هاوڵاتیان پڕ دەکەن لەو پارەیەی کە لە روسیا و وڵاتانی عەرەبی قەرزی دەکەن و هەوڵی فریودانیان دەدەن”.
ئۆپۆزسیۆن کاندیدی هاوبەشی نەبێت دەبێت چاوەڕوانى تراژیدیا بکات
دەمیرتاش بانگەوازێک ئاڕاستەی ئۆپۆزسیۆن دەکات و دەڵێت، 27 پارتی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، پێنج لە پارتەکان سەر بە دەسەڵاتن و 22 پارت ئۆپۆزسیۆنن. ئەگەر هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەتوانن، بەڵام زۆرینەیان دەتوانن لەسەر مانیفیستۆیەتی دیموکراتی 10 خاڵی رێکبکەون، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن کاندیدی هاوبەشی نەبێت بۆ پۆستى سەرۆککۆمار روبەڕوی تراژیدیا دەبینەوە.
ئۆپۆزسیۆن کاندیدی هاوبەشی نەبێت بۆ پۆستى سەرۆککۆمار, روبەڕوی تراژیدیا دەبینەوە
هەندێک پرسیار بۆ هاوڵاتیان!
دەمیرتاش دەڵێت، پێویستە ئۆپۆزسیۆن لە دەوری کاندیدێکی هاوبەش کۆبێتەوە و لە گۆڕەپانەکان ئەم پرسیارانەی خوارەوە لە هاوڵاتیان بکات:
ئازادی یان کۆیلایەتی؟
تاریکیەکی رەها یان رۆناکی؟
زوڵم و فشار یان ئاشتی و ئارامی؟
برسێتی و نەهامەتی یان خۆشگوزەرانی و زۆری؟
دەسەڵاتی یەک کەس یان دەسەڵاتی 85 ملیۆن کەس؟
دیکتاتۆری یان دیموکراسی؟
متمانە بە خەڵکی بکەن!
دەمیرتاش لە کۆتایی گوتارەکەیدا بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هاوڵاتیانی تورکیا دەکات؛ هیچ کەسێکی “شەرەفمەند” داهاتووی خۆی و منداڵەکانی بە پارەیەک، کە سێ چوار مانگ دەچێتە گیرفانییەوە نافروشێت، پیویستە متمانە بە خەڵکی هەبێت “خەڵکەکەمان ژیر و خاوەن کەرامەتن، ئەوە دەسەڵاتی گەلانە ساڵی 2023 دەکاتە ساڵی گۆڕانکاری گەورە”.
“بەخێر بێیت گەورەترین ساڵی گۆڕانکاری! ساڵی نوێ تۆ شایەنی ئێمەیت و ئێمەش شایەنی تۆین! چاوەڕێی سرودەکانی سەرکەوتنمان بکە!”