زووم:
قاسم سولەیمانى، ئەندازیارى داڕشتنى سیاسەتەکانى دەرەوەى ئێران و فراوانکردنى هەژموونەکەى بوو لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتانى عەرەبى. سوپایەک و وڵاتێک پشتگیرییان دەکرد، لە تارانەوە بۆ بەغداد و لەوێوە بۆ دیمەشق و بەیروت بەردەوام لە جوڵەدا بوو.
دەیویست مانگێکى شیعى لەسەر نەخشەى ناوچەکە بکێشێت، بە یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکە سەربازییەکانى مێژووی ئێران دادەنرێت.
لە سوریا کەس قسەى لەقسەیدا نەدەکرد
نەک تەنیا ئەوەندە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر بڕیارى سیاسى لە عێراق و لوبنانیش هەبوو، ئەنجامى هەڵبژاردنى “دەگۆڕى و دانانى سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار بە هێڵى ئەودا دەڕۆیشت”.
لە سوریا کەس قسەى لەقسەیدا نەدەکرد، بە نەخشەیەکى سوریاوە گەیشتە مۆسکۆ و سەرۆکى روسیاى قایلکرد پشتگیرى لە دەسەڵاتەکەى بەشار ئەسەد بکات.
ئەمانە وایانکرد ئەمریکا بە گەورەترین لەمپەرى بزانێت لەبەردەم بەرژەوەندییەکانیدا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، خۆشى دەیزانى ئەمریکا دەیەوێت بیکوژێت و بەدواى هەلێکدا دەگەڕێت بۆ کوشتنى، لەو بڕوایەدابوو لەنێو خاکى ئێراندا بکوژرێت، نەک عێراق.
لە عێراق رێوشوێنى ئەمنى بۆ خۆپاراستن نەدەگرتەبەر
لە وڵاتەکەى خۆیدا رێوشوێنى ئەمنى توندوتۆڵى بۆ خۆپاراستن دەگرتەبەر و لە عێراق بە پێچەوانەوە.
قاسم سولەیمانی، چارەکە سەدەیەک بەرپرسى یەکەمى سوپاى قودسى ئێران و ئەندازیارى سیاتەکانى دەرەوەى وڵاتەکەى بوو.
ساڵى 2008 قاسم سولەیمانى خۆى نامەیەک بۆ دەیڤد پترایۆس، فەرماندەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەنێرێت و بەم شێوەیە خۆى دەناسێنێت: من قاسم سولەیمانی داڕێژەرى سیاسەتەکانى دەرەوەى ئێرانم لە عێراق و لوبنان و غەززە و ئەفغانستان.
سولەیمانى و موهەندیس سێ ساڵ پێش ئێستا کوژران
چیرۆکى کوشتنى قاسم سولەیمانى و لەگەڵیشیدا ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى عێراق، بۆ سێ ساڵ بەر لە ئێستا و نیوەشەوێکى هەوراوى ئاسمانى بەغدادى پایتەخت دەگەڕێتەوە.
لەو شەوەدا، کە سولەیمانى بە ئاسمانەوەبوو بەرەو لوبنان و سوریا، بەڵام لەسەر داواى عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى ئەوکاتى عێراق ئاراستەى گەشتەکەى دەگۆڕێت و لە بەغداد دەنیشێتەوە.
ئەو داوایەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى بوو لە شەوى سەرى ساڵدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەوکاتى ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەى دۆخى بەغداد، کە بەهۆى خۆپیشاندانى لایەنگرانى حەشدى شەعبى و حزبوڵاوە لە دۆخێکى ئاڵۆزدابوو. خۆپیشاندەران هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا و ئاگریان لە چەند شوێنێکى بەردا.
بە بڕواى ئەمریکییەکان ئێران لەپشت خۆپیشاندانەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیانەوە بوو، ترەمپ داواى لە سەرۆکوەزیرانى عێراق کردبوو نێوەندگیرى لەگەڵ ئێران بکات.
قاسم سولەیمانى لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغداد کرایە ئامانج
دوو رۆژ پاش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، نیوەشەوى 3ى کانونى دووەمى 2020 دواى گەیشتنى بە فڕۆکەخانەى بەغداد، قاسم سولەیمانى کرایە ئامانج.
بە موشەکى هێڵفایەر لە رێگەى درۆنەوە کرانە ئامانج
دواى ئەوەى ئەمریکا دانى بەوەدانا، کە لە ڕێى فڕۆکەى بێفرۆکەوان و موشەکى هێڵفایەرەوە سولەیمانى کوشتووە، دەسەڵاتدارانى ئێران بڕیارى تۆڵەسەندنەوەیاندا. بەو پێیەى روداوەکە لە خاکى عێراقدا بووە، لیژنەى هاوبەشیان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنا.
ئێران داواى رادەستکردنى تۆمەتبارەکان لە عێراق دەکات
ئێستا و دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ بەسەر کوشتنى سولەیمانیدا، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران دەڵێت، داوایان لە عێراق کردووە هەموو ئەو کەسانەیان رادەستبکات کە دەستیان لەو کارەدا هەبووە، عێراقى بێت یان ئەمریکى یان هاوڵاتى هەر وڵاتێکى دیکە.
لە تازەترین لێدوانیدا لەبارەى لێکۆڵینەوەکانەوە، وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەمریکا و رۆژئاوا بە لەمپەر دروستکردن لەبەردەم لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبار دەکات، جەختیشى کردەوە کە وڵاتەکەى 60 بەرپرسى ئەمریکاى خستووەتە لیستى رەشەوە لەنێویاندا مایک پۆمپیۆ، وەزیرى پێشووى دەرەوەى ئەمریکا هەیە.