“کەی دەوڵەت کەوتە مەترسیەوە، کودەتا بکەن” ئەمە ئامۆژگاری ئەتاتورک بوو بۆ سوپاکەی!
لەسەر ئەم وەسیەتە، کەنعان ئەڤرەن، سەرۆک ئەرکانی ئەو کاتەی سوپای تورکیا، لە 12ی ئەیلولی 1980 کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا.
کودەتاکەی کەنعان ئەڤرەن، رەش و سپی، تەر و وشکی پێکەوە سوتاند، بە دەیان پارتی کوردی و چەپی تورکیا کەوتنە بەرلێشاوی کودەتاچیەکان، چەپ بوون و ئیسلامیبون بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکران، سزای سێدارە بەسەر حەوت هەزار کەسدا سەپێندرا و دواتر 50 کەسیان لەسێدارەدا.
نزیکەی 650 هەزار کەس دەستگیرکران، کە نیوەیان کورد بوون، ناوی ملیۆنێک و 683 کەس، وەک کەسانی مەترسیدار تۆمارکرا، مافی هاوڵاتیبوون لە 14 هەزار کەس سەندرایەوە، 30 هەزار کەس تورکیایان جێهێشت و بوون بە پەنابەر، 856 کەس بەهۆی شەڕ و ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستدا، بارەگای 23 هەزار و 677 کۆمەڵە و رێکخراو و پارتە سیاسییەکان داخران، نزیکەی 300 رۆژنامە و 937 فیلم قەدەغەکران.
دەسەڵاتەکەی کەنعان ئەڤرەن رایگەیاند، تاک مافی نییە و هاوڵاتی موڵکی دەوڵەتە” ئۆپۆزسیۆن بوونی نیە و هەر جموجوڵێک لە دەرەوەی یاسا وەک دوژمنایەتی دەوڵەت لە قەڵەم دەدرێت.
هیچ نەتەوەیەکی دیکە جگە لە تورک لە تورکیا نییە. سەندیکا و رێکخراوی مەدەنی بوونی نییە.بە هیچ شێوەیەک رەخنە لە دەوڵەت قبوڵناکرێت.
هەرچەندە تورکیا باجێکی زۆریدا، بەڵام کودەتاکە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە شتێکی نوێ نەبوو.
تورکیا وەک وڵاتی کودەتا ناسرابوو و تاوەکو ئێستاش رێگە بۆ کودەتایەکی کتوپڕ کراوەیە، مێژوی کودەتاکان لە تورکیا، یەکەم کودەتا لە تورکیا لە سەردەمی عوسمانیەکاندا لە 23ی کانونی دووەم 1913 کرا.
سەدر ئەعزەمی عوسمانی کامیل پاشا لادرا و دەسەڵات بە ناوەندی کرا.
دووەم کودەتا لە27ی ئایاری 1960 لە دژی عەدنان مەندەرەسی سەرۆککۆماری ئەو کاتە کرا، سوپا رایگەیاند، مەندەرەس دەیەوێت یاسای شەریعەت جێبەجێ بکات و لە ساڵی 1961 لە ئیمڕالی لەسێدارەدرا.
12ی ئازاری 1971 کودەتای سێیەم لەلایەن سوپاوە کرا، بەڵام ئاڵۆزی زۆری دروست نەکرد.
مەترسیدارترین کودەتاش کودەتای چوارەم بوو، کە کەنعان ئەڤرەن لە 12ی ئەیلولی 1980 کردی.
کودەتای پێنجەم لە ساڵی 1993 کرا، کە بە مردنی گۆماناوی تورگوت ئۆزاڵ سەرۆککۆماری ئەو کاتە کۆتاییهات.
شەشەمین کودەتا لە دژی نەجمەدین ئەربەکان لە ساڵی 1997 کرا.
دوایین هەوڵی کودەتا لە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەی لە 16ی تەموزی 2016 کرا و ئەردۆغان شکستی پێهێنا.
فەتحوڵا گولەن سەرۆکی رێکخراوی خزمەت بە ئەنجامدەری تۆماتبارکرا.
هەزاران لایەنگری خۆی و رێکخراوەکەی دەستگیرکران یان تورکیایان لێ قەدەغەکرا.