زووم، ئاژانسەکان:
گەنجێکى تەمەن 29 ساڵی غانا بەناوی سلێمان عەبدولسەمەد دەبێتە درێژترین پیاوی جیهان، باڵاى دوو مەتر و 89 سانتیمەترە، چاوەڕوان دەکرێت نازناوى درێژترین پیاوى جیهان لە سوڵتان کۆسەن، کوردی باکوری کوردستان وەربگرێتەوە.
پەیامنێرى بی بی سی دەڵێت، کاتێک گوێم لە دەنگۆی پاڵێوراوێکی نوێ بوو بۆ بەدەستهێنانی باڵابەرزترین پیاوی جیهان لە باکوری غانا، بەدواداچوونم کرد بۆئەوەی بزانم ئایا راستە یان نا، تاکە کێشەم پێوانەکردنی ئەو بوو.
سلێمان بەفەرمی ناوی نەچووەتە نێو کتێبی گینسەوە، بەڵام بەگوێرەى درێژی باڵای بێت، دەبێتە درێژترین پیاوی جیهان
سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا سلێمان بەفەرمی ناوی نەچووەتە نێو کتێبی گینسەوە، بەڵام بەگوێرەى درێژی باڵای بێت، دەبێتە درێژترین پیاوی جیهان.
سلێمان لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتەکەی پشکنینی گشتی بۆ کراوە و لەکاتی پێوانیدا دەرکەوتووە باڵای لە درێژترین پیاوی نێو کتێبی گینس بەرزترە.
سلێمان بە پەیامنێرەکەی بی بی سی گوتووە، بەردەوام بەرزی باڵای زیاد دەکات و دەڵێت “هەر کاتێک دوای سێ بۆ چوار مانگ دەمبینیت، ئەوکات دەزانیت، کە باڵام زیادیکردووە.”
بڕبڕەی پشتی سلێمان تادێت چەماوەتر دەبێت
بەهۆی درێژبوونی باڵایەوە، سلێمان بڕبڕەی پشتی تادێت چەماوەتر دەبێت و زمانی پانتر دەبێت بەشیوەیەک هەناسەدان بۆی قرس بووە. هەربۆیە پزیشکانی وڵاتەکەی دەڵێن دەبێت سلێمان نەشتەرگەری بۆ مێشکی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لە گەشەکردن بوەستێت.
خەونی سلێمان پیشەی شۆفێری بووە، بەڵام بەهۆی درێژی باڵایەوە دەستبەرداری ئەو خەونەی بووە
خەونی سلێمان پیشەی شۆفێری بووە، بەڵام بەهۆی درێژی باڵایەوە دەستبەرداری ئەو خەونەی بووە و ئێستا لەگەڵ براکەیدا لە گوندێکی غانادا دەژین و دوکانێکی بچوکیان هەیە، کە سلێمان لەپاڵ براکەیدا کارتی مۆبایل دەفرۆشێت.
سلێمان دەڵێت وەک هەر کەسێکی دیکە، خولیای بۆ یاریزانی تۆپی پێ هەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆی باڵایەوە ناتوانێت بۆ دورییەکی زۆر رێبکات.
دەشڵێت، حەز دەکات ژیانی هاوسەری پێکبهێنێت و منداڵی هەبێت، بەڵام ئێستا هەموو بیر و هۆشی لای باشترکردنی تەندروستییەکەیەتی.
سلێمان دەڵێت، سەرقاڵى کۆکردنەوەی پارەم بۆئەوەی بتوانم نەشتەرگەری بۆ قاچ و پێکانم بکەم
سلێمان دەڵێت، سەرقاڵى کۆکردنەوەی پارەم بۆئەوەی بتوانم نەشتەرگەری بۆ قاچ و پێکانم بکەم، کە بەهۆی درێژبوونی باڵامەوە توشى نەخۆشى پێست بووم.
لەکۆتایی راپۆرتەکەدا سلێمان دەڵێت “سوپاس بۆ خودا بۆ ئەوەی کە بۆ منی هەڵبژاردووە، من باشم. هیچ کێشەیەکم نییە لەگەڵ ئەوەی، کە خودا چۆن دروستی کردووم.”
درێژترین پیاوى جیهان لەنێو کتێبیى گینس کوردە و لە باکوری کوردستان دەژی
تاوەکو ئێستا ناوى درێژترین پیاوى جیهان لەنێو کتێبیى گینس، سوڵتان کۆسەنى تەمەن 40 ساڵە، کە کوردە و لە گوندی دەدەی ناوچەی دێرکی باکوری کوردستان دەژی.
ئەو 13 ساڵە وەکو درێژترین پیاوی جیهان دەستنیشانکراوە و ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە، بەرزیی باڵاکەی دوو مەتر و 51 سانتیمە، بەڵام بەرزى باڵاى سلێمان عەبدولسەمەد سوڵتانى تێپەڕاندووە و وەرگرتنەوەى نازناوەکەشى ئەگەرێکى بەهێزە.