ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا هێندەی نەمابوو رێککەوتنی ئەتۆمی واژوو بکەن. بەڵام لەپڕ هەمووشتێک ئاوەژوو بووەوە.
هەواڵی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی سیستمی دیجیتاڵی و بەڵگەکانی حکومەتی ئەلبانیا میدیاکانی جیهانی تەنی
هەرزوو ئێران تۆمەتبارکرا، ئێرانیش رەتیدەکاتەوە کارێکی لەوشێوەی کردبێت، دەستبەجێ ئەمریکا هاتە نێو مەیدانی ململانێکە.
کۆمپانیای ئەمنی سایبیری ماندیانتی ئەمریکا رایگەیاند، تیمەکانی سایبیری ئێران چەندین هەوڵیان بۆ هاککردنی بەڵگە فەرمییە شاراوەکانی حکومەتی ئەلبانیا.
هێرشەکە بۆ ئەوە بوو شوێن و جێگەی کۆبوونەوەی ئەندامانی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق ئاشکرا بکەن.
پەیوەندی هەردوو وڵات پچڕا، ئێدی راما سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا تاکلاینە ئەو هەنگاوەی نا و دیپلۆماتکار و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێرانی دەرکرد.
ئەمیر حسێن ئیروانی، نێردە و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان، نامەیەکی بەپەلەی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان ناردوە.
دەڵێت، پۆلیسی ئەلبانیا بە ئاشکرا یاسا نێودەوڵەتیەکانی پێشێلکردوە و هەلیکوتاوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئێران.
ئەمریکا خۆی بە خاوەنی کێشەکەی ئەلبانیا دەزانێت، ئیتڵاعاتی کردەوە ئامانج.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا. وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و وەزیرەکەشی، کە ئیسماعیل خەتیبە خستە نێو لیستی گەمارۆکانییەوە.
پێشتریش ناتۆ و بەریتانیا ئێرانیان تۆمەتبارکرد، کە “بەڵگەکان سەلمێنەری ئەوەن ئێران راستەخۆ هێرشە ئەلیکترونیەکەی ئەنجامداوە”.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەمریکای دایەوە. دەڵێت، گەمارۆکانتان وەزارەتی ئیتلاعات و وەزیرەکەی هەنگاوێکی دوژمنکارانەیە.
ئەوەی باسی دەکەن “تۆمەتێکی ئاشکرایە و هیچ بەڵگەیەکتان بەدەستەوە نییە”.
کەنعانی ناڕاستەوخۆ ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد، کە چەندین ساڵە پشتگیری لە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق دەکات.
ئەو رێکخراوە ئێرانییە، بەڵام نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
پێشتر لە کەمپی ئەشرەف بوون لە سنوری نێوان عێراق، دوای دەرکردنیان گوازرانەوە و لە ئەلبانیا جێگیر بوون.
رێکخراوەکە مانگی تەموز رایگەیاندبوو، بەهۆی مەترسی هێرشی ئێران، هەموو جۆرە چالاکی، کۆبونەوە و گردبونەوەیەکیان لە ئەلبانیا راگرتووە.
پێشهاتەکە کاریگەری لەسەر پرسی ئەتۆمی دەبێت.
جان کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێت، رۆژئاوا و ئێران لە پرسی ئەتۆمیدا، هێشتا دورن لەیەکەوە.
ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات، بەڵام دانبەخۆداگرتنیش سنورێکی هەیە.