ئاژانسەکان
لەگەڵ چوونە نێو ساڵى نوێ، کۆریاى باکور سێ موشەکى بالیستیکى تاقیکردەوە، موشەکەکان لە دوورى 350 کیلۆمەتر کەوتونەتە نێو ئاوەکانى نێوان کۆریا و ژاپۆن.
کیم جۆنگ ئون هەڕەشەى بەهێزکردنى موشەکەکانى دەکات
بەگوێرەى ئاژانسە هەواڵییەکان ئەمڕۆ، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکى کۆریای باکور، فەرمانی کردووە جبەخانەی ئەتۆمی وڵاتەکەی فراوان بکرێت و موشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەربڕى بەهێزتر بەرهەمبهێندرێت. ئەو چەندینجار سوێندى خواردووە هەموو ئەو شتانە بەهێز بکات، کە ناوى ناوە دوژمنایەتى ئەمریکا.
کۆریاى باکور ساڵى رابردوو ژمارەى پێوانەى تۆمارکرد لە هەڵدانى موشەکى بالیستیکدا، 32 رۆژ موشەکى تەقاندووە، کە هەر جارێک چەند موشەکێک بووە.
کۆریای باشور، کە زۆرینەى موشەکەکانى کۆریای باکور بە ئاسمانى وڵاتەکەیدا تێدەپەڕێت و مەترسییە بۆسەرى، دەڵێت، بەکارهینانی چەکی ئەتۆمی کۆتایی بە دەسەڵاتى کیم جۆنگ ئون دەهێنێت.
جەختیش لە بەهێزکردنى سیستمی بەرگری کۆریای باشور دەکاتە بۆ وەستاندنى هەڕەشە موشەکی و ئەتۆمیەکانی کوریای باکور.
چەند رۆژێکە گرژییەکانی نێوان هەردوو کۆریا زیاتربووە، کاتێک کۆریای باشور، کۆریای باکوری تۆمەتبارکرد بەوەی بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج ساڵدا، پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئەو سنورانەدا فڕیوە، کە ناکۆکیان لەسەرە، کۆریای باشور بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو باکور وەڵامى رکابەرەکەى دایەوە.
ئۆکراینییەکان لەژێر موشەک و درۆندا ساڵى نوێیان دەستپێکرد
فەرماندەی هیزی ئاسمانی ئوکراین رایگەیاند، لە یەکەم رۆژى ساڵى نوێدا 45 درۆنى شاهیدی ئیرانیان تیکشکاندووە، کە روسیا دژیان بەکارى دەهێنێت. لەهەمانکاتدا هێرشی موشەکیش بەردەوامە.
دوای نیوەشەو لە کیێڤ دەنگی تەقینەوە بیسترا، لەکاتێکدا خەڵک لە ژوورەوە ئاهەنگی ساڵی نوێیان دەگێڕا.
بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ، کە لە کاتژمێر 11:00ى شەوەوە لە کیێڤ و زۆرێک لە شارەکانی دیکە جێبەجێ دەکرێت، ئاهەنگەکانی ساڵی نوێ سنوردار کرا، هەندێک لە خەڵکى لە باڵکۆنەکانیانەوە هاواریان دەکرد “شکۆمەندی بۆ ئۆکراین، شکۆمەندی بۆ پاڵەوانەکان”.رۆژنامەى گاردیان وای نوسیوە.
ئەفغانستان یەکەم رۆژى ساڵى نوێی بە تەقینەوە دەستپێکرد
وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە رایگەیاند، تەقینەوەیەک لەبەردەم فڕۆکەخانەى سەربازی لە کابولی پایتەخت روویدا و بەهۆیەوە 14 کەس کوژران و 18 کەسی دیکەش برینداربوون.
تەقینەوەکەش خۆکوژی بووە، تاوەکو ئیستاش هیچ لایەنیک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆنەگرتووە.
لە یەکەم رۆژى 2023 تورکیا گوندەکانى حەلەبی تۆپبارانکرد
روانگەى سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانی ئەمڕۆى تورکیاوە بۆسەر گوندێکى حەلەب شەش سەربازى حکومەتى سوریا برینداربوون. تورکیا ژمارەیەک گوندى دیکەى سنورى شارەکەى تۆپباران کردووە.
هێرش و تۆپبارانى تورکیا لە ساڵى رابردوودا بەردەوام بوو، هەڕەشەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بۆسەر رۆژئاڤاى کوردستان ساڵانێکە بەردەوامە، بەڵام ماوەیەکە زیاتربووە.
ئەمریکا بە کوژران و برینداربوونى 13 کەسچووە ساڵى نوێوە
نیویۆرک، کە چەندین رۆژە بەفر و سەرما پرزەى لێبڕیوە، یەک رۆژى ساڵى نوێی بەبێ کێشە بەڕێنەکرد، کەسیک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر سێ کارمەندى پۆلیس و بریندارى کردن.
لە شەوى سەری ساڵیشدا لە ویلایەتی ئالامبا لە روداوێکی تەقەکردندا کەسیک کورژرا و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئۆگەندا بە پاڵەپەستۆ و گیانلەدەستدان چووە ساڵى نوێوە
لە کامبالاى پایتەختی ئۆگەندا، ئەوکاتەى چوونە نێو ساڵى نوێوە و لەکاتى خۆشی و ئاهەنگگیراندا بوون، بەهۆى پاڵەپەستۆ لە مۆڵێکدا، کە دەیانویست تەماشاى یارییە ئاگرینەکان بکەن نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون. بەوشێوەیە خۆشی بەشێکیان بوو بە شین.