زریانێکى “کوشندە” رووى لە فلیپین کردووە و نزیکەى دوو هەفتەیە بەردەوامە، زیانەکانى زۆن و بەگوێرەى دەزگاى کارەساتە نیشتمانییەکانى وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا 49 کەس گیانیان لەدەستداوە.
زریانەکە ناوچە گەرمەکانى وڵاتەکەى گرتووەتەوە و بە زریانى گەرمى نالگا ناسراوە، خێرایى با، بەهێزە و 95 کلیۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.
دەزگاى کارەساتە نیشتمانییەکانى فلیپین رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 49 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 19 کەسیان لە پارێزگای میسامیس ئۆکسیدەنتاڵی باشوری وڵاتە بوون، پارێزگاکانی دیکەی باشور 17 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان تۆمارکراوە و لە پارێزگاکانی رۆژهەڵات و رۆژئاواش 13 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
بەگوێرەى دەزگاکە هێشتا چارەنوسی 20 کەسی دیکە نادیارە.
بەهۆى بارانبارینى بەخور لافاوى بەهێز شارەکانى داپۆشیوە، لەهەمانکاتدا بووەتە هۆى رۆچوونى زەویی لە هەندێک ناوچە.
51 هەزار و 400 کەس ئاوارەبوون
زیانەکان زۆرن، بەگوێرەى ئامارى دەزگاى کارەساتە نیشتمانییەکانى فلیپین، 51 هەزار و 400 کەس ئاوارەبوون. بەگشتى 550 هەزار کەس لە 30 پارێزگاى وڵاتەکە زیانیان بەرکەوتووە.
دەزگاکە زیانەکانى ژێرخانى ئابورى و کشتوکاڵى وڵاتەکەى بە زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.
ساڵانە 20 زریان فلیپین دەگرێتەوە
بەشێوەیەکى گشتى ساڵانە 20 زریان یان زریانی گەرم روو لە فلیپین دەکات، یەکێکە لە وڵاتانی جیهان، کە روبەڕوى “کارەسات” دەبێتەوە، زریانەکان لە زەریای هێمنەوە روو لە وڵاتەکە دەکەن.
فلیپین، وڵاتێکی دورگەییە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا؛ دەکەوێتە رۆژئاوای زەریای هێمن و لە حەوت هەزار و 641 دورگە پێکهاتووە.