لە سەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانى سووریاوە لە ساڵى 2011دا، بۆ یەکەمجار سووریا ساڵێکى بە کەمترین رێژەی قوربانى بەڕێکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی مافەکانى مرۆڤى سووریا ، لە 2022دا تەنها سێ هەزار و 825 کەس لەسەرجەم لایەنەکانى سووریا کوژراون، لە 12 ساڵی رابردوودا ئەمە کەمترین رێژەی قوربانییە لە سووریا.
بەرزترین رێژەی قوربانییانى جەنگى سووریا لە ساڵى 2014دا تۆمارکراوە ، lەو ساڵەدا 111 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
لەنێو کوژراوەکانى 2022دا ، هەزار و 625 کەسیان هاوڵاتى مەدەنین.. 321یان منداڵن
209 کەسیان بەهۆى تەقینەوەى مین و پاشماوەى جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە
زیانی گیانی سوپاى سووریا و چەکدارە لایەنگرەکانى 844 کەس بوون
627یان سەربازى سووریا بوون و 217یان لەو چەکدارانەبوون کە شەڕ بۆ حکومەتى سووریا دەکەن
جگە لەوەش 562 چەکدارى داعش کوژراون
هاوکات 387 کەس لە هێزەکانى سووریاى دیموکرات و هاوپەیمانەکانى کوژراون، زیانی چەکدارانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا 240 کەس بووە
هۆکارى کەمبوونەوەى ژمارەى قوربانیەکان لە دوو ساڵى ڕابردوودا ، بۆ کەمبوونەوەى شەڕ و پێکدادانەکان دەگەڕێتەوە ، بە تایبەت لە ناوچەیەکى وەک ئیدلب کە نیوەى خاکەکەى لەژێر کۆنترۆڵى دەستەى رزگاریی شامدایە
لە ئازارى 2022 بەگوێرەی رێککەوتنێکی تورکی- رووسی ئاگربەست لەو ناوچەیە راگەیەنراوە
12 ساڵە خوێن لە جەستەى سووریا دەچۆڕێت، نزیکەى نیو ملیۆن کەس لە سەرجەم لایەنەکان بوونەتە قوربانى ئەو جەنگە، ژێرخان و ئابووریی سووریای لاواز کردووە، نزیکەى نیوەى دانیشتوانەکەی ئاوارەى ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە بوون