زووم، ئاژانسەکان:
پسپۆڕانی بواری ئینتەرنێت، هۆشداریی دەدەنە بەکارهێنەرانی ئەو مۆبایلانەی بە سیستەمی ئەندرۆید کاردەکەن و دەڵێن، بەرنامەی “بەڕێوەبەردنی کار” لە مۆبایلەکانیان دانەبەزێنن “هەر کەسێکیش بەرنامەکەی دابەزاندووە بە خێرایی بیسڕێتەوە”.
“TODO: Day Manager” ناوی ئەو ئەپەیە کە پسپۆڕەکان باسی دەکەن، بەرنامەکە هاوکاری بەکارهێنەرانی دەکات، تاوەکو بتوانن خشتەی کار و ئەرکی رۆژانەیان رێکبخەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیشیان ئاگاداریان دەکاتەوە.
ناو و لۆگۆی ئەپە زیانبەخشەکە
بە گوێرەی “فۆکس نیوز”ی ئەمریکی، ئەپەکە لەگەڵ خۆیدا چەند بەرنامەیەکی دیکەی زیانبەخش دادەبەزێنێت بە شێوەی خودکاری، وەک بەرنامەی زینۆمۆرف، کە دزە بە زانیاریی بانکی بەکارهێنەرانی دەکات “ئەپەکە دەتوانێت تەنانەت بچێتە ناو نامەی بەکارهێنەرەکە و بیانخوێنێتەوە و کۆنتڕۆڵیشیان بکات”.
ئەپڵیکەیشنەکە، خودکارانە چەند پرۆگرامێکی زیانبەخشی دیکە دادەبەزێنێت
هاوکات پسپۆڕانی بواری سیکیورتی مۆبایل، رایدەگەیەنن بەرنامەکە بە جۆرێک کاردەکات، خودکارانە بەرنامەیەکی زیانبەخش لە مۆبایلەکەتدا دادەبەزێنێت، کە سەرەتا وەکو خزمەتگوزاریی گۆگڵ خۆی دەنوێنێت.
ئەپەکە بە شێوەیەکی نهێنی کاردەکات و داوای رێگەپێدان لە بەکارهێنەر دەکات، دوای رێگەپێدانی لەلایەن بەکارهێنەر وەک بەرپرسی مۆبایلەکە خۆی دەنوێنێت و کۆنتڕۆڵی دەکات.
بەکارهێنەر ناچار دەبێت مۆبایلەکەی فۆرمات بکات
بەرنامەکە بە جۆرێک کاردەکات ئەگەر بەکارهێنەر رێگەپێدانی بداتێ، ئەوا دواتر ناتوانێت بیسڕێتەوە، هەربۆیە زۆرجار بەکارهێنەر ناچار دەبێت مۆبایلەکەی فۆرمات بکات.
گۆگڵ، بەردەوام ئەو ئەپڵیکەیشنانە دەسڕێتەوە، کە کاری سیخوڕی دەکەن و زانیاریی بەکارهێنەر دەبەن، گوگڵ مانگی ئابی ساڵی رابردوو، ناوی 50 ئەپی راگەیاند لە لیستی ئەو بەرنامانەی لە پلەی ستۆر قەدەغە کراون و سڕدراونەتەوە.