زووم، ئاژانسەکان:
لە ئێستادا کە جیهان پێی ناوەتە ساڵی تازەوە، کۆمەڵێك پرس هەن کە هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە. گرنگترینیان جەنگیی نێوان روسیا و ئۆکراین و هەروەها قەیرانی خۆراک و وزەیە لە جیهاندا، جگە لە قەیرانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
جەنگی ئۆکراین
تاوەکو رادەیەک قورسە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراین دیاری بکرێت، بەوپێیەی هەریەک لە کیێڤ و مۆسکۆ لە ململانێیەکی سەختدان، ئەمەش رەنگە لە درێژخایەندا لێکەوتەی زیاتری هەبێت.
وزە
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە، زیادبوونی هەڵاوسان، کەمیی ماددە خاوەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزەکان کاریگەریی لەسەر چالاکییە بازرگانییەکان داناوە و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵکی لەسەرانسەری جیهاندا سنوردارکردووە. ئەمانە ئەو کێشانەن کە لەگەڵیاندا پێمان ناوەتە ناو ساڵی تازەوە.
کەشوهەوا
قەیرانی کەشوهەوا یەکێکە لەو کێشانەی سەرانسەری جیهاندا کاری لەپێشینەی وڵاتانە بۆ ئەوەی بتوانن لە ساڵی 2023دا روبەڕوی بوەستنەوە. لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022دا رێککەوتنێکی مێژوویی لە مۆنتریاڵی کەنەدا ئیمزاکرا، خاڵەکانی رێککەوتنەکە بە ئاڕاستەی پێچەوانەکردنەوەی لەناوچونی سروشتن. هاوکات چاوەڕێدەکرێت لە ساڵی تازەدا پێشنیازی زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بکرێت، جگەلەوەش هەوڵدەدرێت سەرچاوەی داهات هەمەچەشن بکرێت بەکارهێنانی نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی وزە کەمبکرێتەوە.
کۆچ
بەهۆی بەردەوامی جەنگ و قەیرانی هەژارییەوە، دیاردەی کۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامدەبێت؛ پرسێک کە بەرپرسە باڵاکانی ئەوروپای بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە. برۆکسل لەمساڵدا پلانێکی ئامادەکردووە بۆ رێکخستنی ئەم پرسە.
تاجی شاهانە
یەکێکی دیکە لە رووداوە مێژووییەکان لە بەریتانیا لە 6ی مانگی ئایاری ئەمساڵدایە، کە تیایدا پاشا چارڵز لە رێوڕەسمێکی شاهانەدا تاجی پاشایەتی لەسەر دەنرێت.
هەڵبژاردن
ئەو وڵاتانەی کە هەڵبژاردنی گرنگ لەمساڵدا تیایاندا بەڕێوەدەچێت بریتین لە یۆنان، ئۆکراین، پۆڵەندا و ئیسپانیا، نەیجیریا، پاکستان، تورکیا، ئەرجەنتین و بەنگلادیش.
هەڵبژاردن لە تورکیا
هەڵبژاردنەکەی تورکیا بڕیارە لە 18ی مانگی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت و دەبێتە یەکێک لە هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکانی ئەو وڵاتە. سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان پێشتر رایگەیاندووە دووبارە دەبێتەوە بە سەرۆککۆماری وڵاتەکەی، بەڵام لە راپرسییە نێوخۆییەکانی وڵاتەکەیدا دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
مۆندیالی ژنان
یەکێکی دیکە لە رووداوە گرنگەکانی ساڵی 2023 بەڕێوەچوونی مۆندیالی تۆپی پێی ژنانە. پاڵەوانێتییەکە لە مانگی تەمموز دەستپێدەکات، ئوسترالیا و نیوزلەندا میواندرایی دەکەن و 32 هەڵبژاردەی جیهان بەشداریی تێدادەکەن.
لوتکەی G20
لە مانگی ئەیلولدا لوتکەی G20 لە هیندستان لە ژێر دروشمی “یەک زەوی، یەک خێزان، یەک داهاتوو” بەڕێوەدەچێت، کە وزە و ئاسایشی خۆراکی جیهانی لە لوتکەی کارنامەکەدا دەبن.
لوتکەی کەشوهەوا
پاشئەوەی لوتکەی شەرمشێخ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەدا بەدەستەوە، ئەمساڵ ئیمارات لە 30ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی کانوونی یەکەم میوانداری لوتکەی کەشوهەوای جیهانی دەکات، بەوپێیەی ئەبوزەبی دەیەوێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی زەویدا.