گەورەترین دەریاچەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گەورەترین دەریاچەی سوێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەشەمین دەریاچەی سوێری جیهان، خەریکە وشک دەبێت.
دیمەنەکانی دەریاچەکە شۆکهێنەرن، زۆرینەی وەک ئەوەیە هەرگیز تەڕایی تێدا نەبووبێت.
وشکبوونی دەریاچەکە مانشێتی رۆژنامەکانە، بەرپرسانی حکومەت لە ناوچەکە بە بێباک دەزانن و وشکبوونی دەخەنە ئەستۆیان.
سومەیە رەفیعی، سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، 85٪ی هۆکاری وشکبونی دەریاچەکە مرۆییە.ئەو دەڵیت، زۆرجار باس لە وشکەساڵی دەکرێت، بەڵام 15٪ هۆکاری لەناوچوونی دەریاچەکە بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەواوەیە.
ئارەزوو ئەشرەفیزادە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی دەریاچەکانە، لە رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، دەڵێت، پێویستە هەموو ساڵێک لانیکەم زیاتر لە ملیارێک مەتر چوارگۆشە ئاو بڕژێتە نێو دەریاچەی ورمێوە، بەپێچەوانەوە زیاتر وشک دەبێت.
مێژووی و جوگرافیای دەریاچەی ورمێ
ناوی دەریاچەکە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگیراوە، دەکەوێتە نێوان ورمێ و تەبرێزەوە.
لەسەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی 25 گەورەترین دەریاچەکاندایە، لە روی روبەرەوە، لە سەردەمی میتانیەکاندا پێى وتراوە “ماتای” ، بە درێژایی مێژوو دانیشتووانی دەروبەری دەریاچەی ورمێ کوردبوون، بەڵام ئێستا ئازەرییە هاوردەکراوەکان ژمارەیان لە کورد زیاترە
لە دەوروبەری دەریاچەکەدا نزیکەی 62 جۆر بەکتریا، 311 جۆر گژوگیا، 226 جۆر باڵندە، 27 جۆر گیانەوەر دەژین و نزیکەی 100 دوورگەی هەیە، لەلایەن یونسکۆوە وەک دەریاچەیەکی مێژوویی میراسێکی جیهانی ناسراوە.
بەهۆی سوێری لەڕادەبەدەری ئاوەکەی هیچ ماسییەکی تێدا ناژی. تەنیا گیانەوەرێکى تێدا دەژی کە سەختپێستی پێ دەگوترێ و ئەویش خۆراکی باڵندەکانە، پێشتر 51 هەزار و 876 کیلۆمەتر چوارگۆشە ئاوی گلدەدایەوە.
نزیکەی 60 چەم و روبار دەڕژێنە ناو دەریاچەکەوە، کە لە چیاکانی کوردستانەوە هەڵدەقوڵێن، بەنداوی گرنگی بۆکان، سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی دەریاچەی ورمێیە.
لە ساڵانی 2000ەوە دەریاچەکە بەرەو وشکبوون دەچێت.
زیانەکانی لەناوچوونی دەریاچەکە
دیارترین ئەو مەترسییانەی لە لای ژینگەپارێزان دروستبووە ئەمانەن؛
کەشوهەوای فێنکی ناوچەکە دەگۆڕێت بۆ گەرمییەکی لەڕادەبەدەر.
بەهۆی زۆر رێژەی خوێ لە دەریاچەکە زریانی خوێ زیانێکی زۆر بە ناوچەکە دەگەیەنێت.
پڕۆژەکان بۆ رزگارکردنی دەریاچەکە
ژمارەیەک پڕۆژە بۆ رزگارکردنی دەریاچەکە پێشەکش بە بەرپرسانی ئێران کراون، یەکێک لە پڕۆژەکان هێنانی بەشێک لە ئاوی روباری ئەرەسە لەسەر سنوری ئازربایجان کە دەڕژێتە دەریای قەزوینەوە.
پرۆژەیەکی دیکە سودوەرگرتنە لە روبار و سەرچاوە ئاوییەکانی شاری پیرانشار.
هێنانی بەشێک لە ئاوی دەریاچەی قەزوین بۆ دەریاچەی ورمێش بەشێکی دیکە لە پرۆژەکانە، بەڵام حوکومەت تاوەکو ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی جێبەجێ نەکردووە
ئەگەر حکومەت بەتەنگ وشکبوونی دەریاچەکەوە نەچێت، پێدەچێت، لە داهاتودا ئەو دەریاچە بەناوبانگەی کوردستان ببێتە یادەوەریەک بۆ نەوەکانی داهاتوو.