پۆلیسی سلێمانى، دەستگیرکردنى 16 کەسى لەسەر روداوەکەى دوێنێى سلێمانى راگەیاند، تۆمەتبارەکان لە بەردەوم دادوەردا دانیان بە “تاوانەکە” ناوە. حکومەتى هەرێمى کوردستانیش روداوەکەى بە “شەرمەزارى” ناوهێناوە.
ئێوارەى دوێنێ، لە گەڕەکى هوانەى شارى سلێمانى لەکاتى نمایشی ماتۆرسکیلدا پشێووى دروستبوو، لە گرتەیەکى ڤیدییۆدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک گەنج هێرش دەکەنە سەر کچێک و لێی دەدەن.
ژمارەیەک گەنج هێرش دەکەنە سەر کچێک و لێی دەدەن
“یەک کچە لە ڤیدیۆکاندا دەرکەوتووە، بەڵام سێ کچ بوون، کە دەستدرێژییان کراوەتەسەر” سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژى پۆلیسی سلێمانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا راشیگەیاند، کچەکە تەمەنى 17 ساڵە و دانیشتووى شارى سلێمانییە و “پێشتریش کێشەى هەبووە”.
بەگوتەى سەرکەوت ئەحمەد، ئەو کچانە یەکەم جاریان نییە چووبنە شوێنەکە. رەتیکردەوە ئەو کچەى دەستدرێژى کراوەتەسەر دەستگیرکرابێت، بەڵام دەڵێت، زانیارى تەواویان لەسەرى کۆکردووەتەوە.
گوتەبێژى پۆلیسی سلێمانى دەڵێت، ئەو 16 تۆمەتبارەى دەستگیرکراون، خەڵکى سلێمانین، بەشێکیان “چەقۆ و بۆکس خەنجەریان” پێبووە. لەسەر سکاڵاى داواکاریی گشتى دەستگیرکراون.
گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى:ھێرش و پەلاماردانی کچێکی گەنج لە شاری سلێمانی جێگای شەرمەزاریە
لەبارەى روداوەکە جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، ھێرش و پەلاماردانی کچێکی گەنج لە ناوچەی ھوانەی شاری سلێمانی جێگای شەرمەزاریە.
ئەو دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردووشدا روداوێکی دیکەی “دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی دیکە” لە سنوری پارێزگای سلێمانی رویدا، ئەم روداوانە ھەرگیز مایەی قبوڵکردن نین.
جوتیار عادل دەڵێت، حکومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ھەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان دەوەستێتەوە. پێویستە بە زووترین کات رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بگیرێتەبەر.
کچەکە تەنها ویستویەتى تەماشاى پێشبڕکێی ماتۆڕسوارى بکات
“کچەکە تەنها ویستویەتى تەماشاى پێشبڕکێی ماتۆڕسوارى بکات، بەڵام بەوشێوە دڕندانە هێرشی کراوەتەسەر” ئەمەیان بەشێکە لە راگەیەندراوێکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان، کە لەبارەى روداوەکە بڵاویکردووەتەوە.
“بەتوندی ئیدانەی ئەم هەڵسوکەوتە ناشارستانی و نامڕۆڤانە دەکەین” دەستەکە راشیگەیاندووە، داوا دەکەین هەرچی زووە بکەرانی “تاوانەکە” بە سزای یاسای بگەیەندرێن، بۆ ئەوەی شکۆ و شەهامەتی ئافرەت هەمیشە بە پارێزراوی بمێنێتەوە.