زووم، ئاژانسەکان:
بەهۆی رزگارکردنی ژیانی چەندین کەس کە لەناو بەفردا گیریان خواردووە، گەنجێک لە ئەمریکا نازناوی پاڵەوانی کریسمسی پێ دەدرێت
پۆلیسی شارۆچکەی چیکتۆواگا، کە نزیکە لە شاری بەفالۆی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، ستایشی گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ دەکات بەناوی جەی ویتی، کە ژیانی چەندین کەسی لە کاتی زریانە کوشندەکەدا رزگارکردووە.
گەنجەکە ئەو کەسانەی رزگارکردووە، کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریانخواردبوو
لە کاتی شەپۆلی بەفر و سەرما سەختەکەی ئەمریکا، گەنجەکە ئەو کەسانەی رزگارکردووە، کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریانخواردبوو. گەنجەکە دەیانباتە نێو قوتابخانەیەک لە شارۆچکەکە بۆ ئەوەی شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بکات.
برایان گۆڵد، بەڕێوەبەری پۆلیسی چیکتۆواگا دەڵێت “هەست دەکەم 100%ی هەڵوێست و کارەکانى جەی قارەمانانە بوون، کە ژیانی خەڵکی رزگارکردووە.”
چیرۆکەکە بەمشیێوەیە دەستیپێکردووە، کە جەی ویستویەتی بەدوای هاوڕێیەکیدا بڕوات، کە لەنێو بەفردا گیریخواردووە. دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بەنزینی تێدا نامێنێت ئەویش لەنێو بەفرەکەدا گیردەخوات.
جەی باسی، دۆخی کەشوهەوای ئەوکاتەی بۆ کەناڵی ABC کردووە و دەڵێت “بایەکی بەهێز دەهات و بەفر دەباری، نەتدەتوانی بزانی دەستت لە ئۆتۆمبێلەکە دەرهێناوە یان نا، نەتدەتوانی هەستی بەریەککەوتنی سەری پەنجەکانی دەستی خۆت بکەیت.”
هەر لەوکاتەدا و لە ناچاریدا جەی قوتابخانەیەک دەبینێت و پەنجەرەکەی دەشکێنێت بۆ ئەوەی بچێتە ناوی و بحەوێتەوە. “ئازایەتییەکەی” جەی لەوەوە دەستپێدەکات، کە بڕیار دەدات لە قوتابخانەکە بێتە نێو کەشوهەوا ساردەکە و خەڵکانی دیکەش بهێنێتە نێو قوتابخانەکە، کە لەنێو بەفرەکەدا گیریانخوادووە.
یەکێک لە رزگاربووەکان: جەی هات و ئێمەی رزگارکرد و بردینیە نێو قوتابخانەکەوە
یەکێک لە رزگاربووەکان دەڵێت، دوای ئەوەی، کە ئۆتۆمبێلەکەمان گیریخوارد، هەستمان کرد، کە خەریکە دەمرین، کاتێکی زۆر مەترسیدار و ترسناک بوو. بەڵام جەی هات و ئێمەی رزگارکرد و بردینیە نێو قوتابخانەکەوە.
دوای ئەوە جەی چەندین کەسی گیرخواردووی بردووەتە قوتابخانەکە و توانیویەتی دەرگای چێشتخانەکە بکاتەوە و خواردن بۆ خۆی و هەموو لێقەوماوەکان دابینبکات.
جەی لە نامەیەکدا، کە لە قوتابخانەکەدا جیێی هێشتووە نوسیویوتی “زۆر داوای لێبوردن دەکەم، کە پەنجەرەی قوتابخانەکەم شکاندووە
دوا بەدوای رووداوەکە جەی لە نامەیەکدا، کە لە قوتابخانەکەدا جیێی هێشتووە نوسیویوتی “زۆر داوای لێبوردن دەکەم، کە پەنجەرەی قوتابخانەکەم شکاندووە و چومەتە نێو چێشتخانەکەوە. ویستم ژیانی هەمووان رزگار بکەم و پەناگەیەکیان بۆ بدۆزمەوە.”
لە کۆتایی نامەکەشدا جەی نوسیویەتی، جەژنی کریسمستان پیرۆز بێت.
شەپۆلێکی بەفر و سەرماوسۆڵە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا گرتوەتەوە
بەهۆی شەپۆلێکی بەفر و سەرماوسۆڵە لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا لانیکەم 61 کەس گیانیان لەدەستدا.
شەپۆلەکە بە یەکێک لە “خراپترین” زریانەکانی بەفر دادەنرێت لە مێژووی ئەمریکادا، کە بەهۆیەوە کارەبای چەندین ویلایەک بچڕا و هاتوچۆ و کارکردن بەتەواوەتی وەستا.